١ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەوەی کە بە دەرکەی وەژوور ئاغەڵی مەڕان ناکەوێ بەڵا لە جێیەکی دیکە وەسەر دەکەوێ، ئەو دز و جەردەیە.
٢بەڵا ئەوەی کە بە دەرکەی وەژوور دەکەوێ شوانی مەڕانە.
٣بۆ وی دەرکەوان دەکاتەوە و مەڕان دەنگی وی دەبیێن و مەڕانی خۆی بە نێو بانگ دەکا و ئەوان دەباتە دەرێ.
٤وەختێکی هەموو ئی خۆی دەر کردەوە لە پێش ئەوان دەچێ و مەڕان وەدوای وی دەکەون، چونکە دەنگی وی دەناسن.
٥ئەمما وەدوای غەریبەیەکی قەت ناکەون، بەڵا لە وی هەڵدێن، چونکە دەنگی غەریبان ناناسن.
٦یەسووع ئەو مەسەلەی بە وان گوت، بەڵا ئەوان تێ نەگەیشتن ئەو چتە چی بوو کە دەگەڵ ئەوان قسەی دەکرد.
٧لەبەر ئەوەی یەسووع بە وانی گوت: «ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەمنم دەرکەی مەڕان.
٨هەموو ئەوانەی کە لە پێشی من هاتوون، دز و جەردانن، بەڵا مەڕان گوێیان لە وان نەگرتووە.
٩ئەمنم دەرکە، ئەگەر کەسێک بە من وەژوور بکەوێ، خەڵاس دەبێ و وەژوور و وەدەر دەکەوێ و لەوەڕێ پەیدا دەکا.
١٠دز نایێ مەگەر کە بدزێ و سەر ببڕێ و هەلاکی بکا. ئەمن هاتووم کە ژیانیان ببێ و کە زێدەیان ببێ.
١١ئەمنم شوانی چاک. شوانی چاک گیانی خۆی بۆ مەڕان دادەنێ.
١٢ئەوەی کە کرێکارە و شوان نییە، کە مەڕان ئی وی نین، دەبینێ کە گورگ دێ و مەڕان بەجێ دێڵێ و هەڵدێ و گورگ ئەوان دەگرێ و بڵاو دەکا.
١٣چونکە کرێکارە و خەمی مەڕان ناخوا.
١٤ئەمنم شوانی چاک و ئی خۆم دەناسم و لە ئی خۆم ناسراوم.
١٥چلۆنێکی باب ئەمن دەناسێ و ئەمن باب دەناسم و گیانی خۆم بۆ مەڕان دادەنێم.
١٦مەڕانی دیکەشم هەیە کە لە ئەو ئاغەڵەی نین، ئەوانیش دەبێ بێنم و دەنگی دەبیێن و یەک مێگەڵ و یەک شوان دەبێ.
١٧لەبەر ئەوەی باب ئەمن دەحوببێنێ، چونکە ئەمن گیانی خۆم دادەنێم هەتاکوو دیسان ئەوی بستێنمەوە.
١٨هیچکەس ئەوی لە من ناستێنێ، بەڵا ئەمن لە خۆم ئەوی دادەنێم. حیکماتم هەیە کە ئەوی دابنێم و حیکماتم هەیە کە دیسان ئەوی بستێنمەوە. ئەو حوکمەی کە بابی خۆمم قەبوڵ کردووە.»
١٩دیسان لەنێو یەهوودییان لەبەر ئەو قسانە جوێبوونەوەی بوو.
٢٠و زۆران لە وان کوتیان: «جننی هەیە و شێتە، بۆچی گوێ لە وی دەگرن؟»
٢١ئی دیکان کوتیان: «ئەو قسانە ئی جنندارێ نین. مەگەر جننێک دەتوانێ چاوانی کوێران بکاتەوە؟»
٢٢ئەو وەختی جێژنی مەمبارەکبادی هەیکەلێ دە ئورشەلیمیدا بوو و زستان بوو.
٢٣و یەسووع دە هەیکەلێ دە هەیوانی سلێماندا دەگەڕا.
٢٤ئەو دەمی یەهوودییان دەوری وییان گرت و بە وییان گوت: «هەتا کەنگێ گیانی مە دە شکدا ڕادەگری؟ ئەگەر ئەتۆی ئەو مەسیح، بە ئاشکرا بە مە بڵێ.»
٢٥یەسووع بە وان جوابی دا: «بە ئەنگۆم کوتووە و ئیمان نایەنن. ئەو کارانەی کە ئەمن بە نێوی بابی خۆم دەکەم، ئەوانە لەسەر ئەمن شایەدی دەدەن.
٢٦بەڵا ئەنگۆ ئیمان نایەنن، چونکە لە مەڕانی من نین.
٢٧مەڕانی من دەنگی من دەبیێن و ئەمن ئەوان دەناسم و وەدوای من دەکەون.
٢٨و ئەمن ژیانی ئەبەدی بە وان دەدەم و هەتا ئەبەدێ قەت هەلاک نابن و هیچکەس ئەوان لە دەستی من ناڕفێنێ.
٢٩بابی من کە ئەوانی بە من داوە لە هەمووان گەورەترە و هیچکەس ناتوانێ ئەوان لە دەستی باب بڕفێنێ.
٣٠ئەمن و باب یەکین.»
٣١دیسان یەهوودییان بەردانیان هەڵگرت کە ئەوی بەردەباران بکەن.
٣٢یەسووع بە وان جوابی دا: «ئەمن زۆر کارانی چاک لە بابی خۆم بە ئەنگۆم نیشان داوە. ئەرێ لەبەر کێهە کارێکی لە وان ئەمن بەردەباران دەکەن؟»
٣٣یەهوودییان بە وی جوابیان دا: «لەبەر کارێکی چاک ئەتۆ بەردەباران ناکەین، بەڵا لەبەر کفر و چونکە ئەتۆ کە ئینسانی خۆت بە خوڵا دەکەی.»
٣٤یەسووع بە وان جوابی دا: «ئەرێ دە شەریعەتی ئەنگۆدا نەنووسراوە، ئەمن کوتم: ئەنگۆ خوڵایانن؟
٣٥ئەگەر ئەوانی بە خوڵایان بانگ کرد کە کەلامی خوڵای بۆ وان هات و کتێب ناتوانێ بەتاڵ بکرێ.
٣٦ئەرێ بە وەی کە باب موقەددەسی کردووە و بۆ دنیایەی ناردووە ئەنگۆ دەڵێن کفر دەڵێ، چونکە کوتم: کوڕی خوڵام؟
٣٧ئەگەر کارانی بابی خۆم ناکەم، باوەڕ بە من مەکەن.
٣٨بەڵا ئەگەر دەیکەم، هەر چەند ئەنگۆ بە من باوەڕ ناکەن، بە کاران باوەڕ بکەن هەتاکوو تێ بگەن و بزانن کە باب دە مندایە و ئەمن دە بابدام.»
٣٩لەبەر ئەوەی دیسان حەولیان دا کە ئەوی بگرن و لە دەستی وان دەرچوو.
٤٠و دیسان چوو بۆ ئەولای ئوردن، بۆ ئەو جێی کە یوحەننا هەوەڵێ لەوێ بوو و تەعمیدی دەکرد و لەوێ ما.
٤١و زۆران هاتنە کن ئەوی و کوتیان: «یوحەننا هیچ نیشانەیەکی نەکرد، بەڵا هەموو چتی کە یوحەننا بەحسی وی گوت، ڕاست بوو.»
٤٢و زۆران لەوێ بە وی ئیمانیان هێنا.