١دەنا وەختێکی ڕەب زانی کە فریسییان بیستبوویان کە یەسووع لە یوحەننا پتر شاگردانی پەیدا دەکرد و تەعمیدی دەکرد.
٢هەر چەند یەسووع بۆخۆی تەعمیدی نەدەکرد، بەڵا شاگردانی وی.
٣یەهوودییەی بەجێ هێشت و دیسان چوو بۆ جەلیلی.
٤و لازم بوو کە بە نێو سماریەدا ڕاببرێ.
٥و هاتە شارێکی سماریەی کە نێوی سوخار بوو، نیزیکی ئەو موڵکەی کە یەعقوب بە کوڕی خۆی یوسفی دابوو.
٦و چاڵاوی یەعقوب لەوێ بوو. کە یەسووع لە سەفەرێ ماندوو بوو، لەسەر چاڵاوێ ڕۆنیشت. بەقەد سەعاتی شەشەم بوو.
٧ژنێک لە سماریە هات کە ئاوێ هەڵبکێشێ. یەسووع بە وی گوت: ئاو بە من بدە کە بخۆمەوە.
٨چونکە شاگردانی وی بۆ شاری چووبوون کە خۆراک بکڕن.
٩ئەو دەمی ئەو ژنەی سماری بە وی گوت: ئەتۆ کە یەهوودییەکی چلۆن لە من کە ژنێکی سماریم ئاوی خواردنەوەی تەڵەب دەکەی؟ چونکە یەهوودییان دەگەڵ سمارییان بەڕێ ناچن.
١٠یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: ئەگەر ئەتۆ خەڵاتی خوڵات بزانیبایە و کێیە کە بە تۆ دەڵێ: ئاو بە من بدە کە بخۆمەوە، ئەتۆ لە وی تەڵەبت کردبایە و ئەو بە تۆ ئاوی زیندووی دەدا.
١١ژنەکە بە وی گوت: یا ڕەب دۆڵچەت نییە و ئەو چاڵاوە قووڵە، دەنا لە کوێ ئەو ئاوی زیندووت هەیە؟
١٢مەگەر ئەتۆ لە بابی مە یەعقووب گەورەتری کە ئەو چاڵاوەی بە مە دا و لە وی خواردییەوە بۆخۆی و ئەولادی و حەیوانی؟
١٣یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: هەر کەس کە لەو ئاوەی بخواتەوە دیسان تینوو دەبێ.
١٤ئەمما هەر کەس کە لەو ئاوەی کە ئەمن بە وی دەدەم، بخواتەوە هەتا ئەبەدی تینوو نابێ، بەڵا ئەو ئاوەی کە بە وی دەدەم دەبێتە کانییەکی ئاو دە ویدا کە بۆ ژیانی ئەبەدی هەڵدەقوڵێ.
١٥ژنەکە بە وی گوت: یا ڕەب، ئەو ئاوەی بە من بدە هەتاکوو تینوو نەبم و نەیێمە ئێرە کە ئاو هەڵبکێشم.
١٦ئەو بە وی گوت: بڕۆ مێردی خۆت بانگ بکە و وەرە ئێرە.
١٧ژنەکە جوابی دا و کوتی: مێردم نییە. یەسووع بە وی گوت: چاکت گوت کە مێردم نییە.
١٨چونکە پێنج مێردت ببوو و ئەوەی کە ئەوێستات هەیە، مێردی تو نییە. ئەوەت ڕاست کوتووە.
١٩ژنەکە بە وی گوت: یا ڕەب دەبینم کە ئەتۆ پێغەمبەری.
٢٠بابانی مە لەسەر ئەو کێوەی سجدەیان کرد و ئەنگۆ دەڵێن کە دە ئورشەلیمیدایە، ئەو جێی کە لازمە لەوی سجدەی بکەن.
٢١یەسووع بە وی گوت: ئەی ژن، باوەڕ بە من بکە کە سەعاتێک دێ، کە ئەنگۆ نە لەسەر کێوی و نە دە ئورشەلیمێدا لە باب سجدەی دەکەن.
٢٢ئەنگۆ سجدەی ئەوەی دەکەن کە نایناسن. ئەمە سجدەی ئەوەی دەکەین کە دەیناسین، چونکە خەڵاسی لە یەهوودییانە.
٢٣بەڵا سەعاتێک دێ و ئەوێستایە کە سجدەکەرانی ڕاست بە ڕوح و بە ڕاستی لە باب سجدەی دەکەن، چونکە باب ئەو جۆرە سجدەکەرانەی دەوێ.
٢٤خوڵا ڕوحە و لازمە کە ئەوانەی کە سجدەی لێ دەکەن، بە ڕوح و بە ڕاستی سجدەی لێ بکەن.
٢٥ژنەکە بە وی گوت: دەزانم کە مەسیح ئەوەی کە کریستۆس بانگ دەکرێ دێ. وەختێکی ئەو دێ لە هەموو چتان بە مە خەبەر دەدا.
٢٦یەسووع بە وی گوت: ئەمن هەوم کە دەگەڵ ئەتۆ قسان دەکەم.
٢٧و دە وێدا شاگردانی وی هاتن و مات مان کە دەگەڵ ژنێکی قسەی دەکرد. بەڵا هیچکەس نەیگوت: چت دەوێ؟ یان بۆچی دەگەڵ ئەوی قسان دەکەی؟
٢٨ئەو دەمی ژنەکە جەڕی خۆی بەجێ هێشت و چوو بۆ شاری و بە خەڵکی گوت:
٢٩وەرن کەسێکی ببینن کە هەموو ئەو چتانەی کە کردوومە بە منی گوت. مەگەر ئەوە مەسیح نییە؟
٣٠لە شاری وەدەر کەوتن و دەهاتنە کن ئەوی.
٣١دەو بەینەیدا شاگردان تەڵەبیان لێ دەکرد، دەیانگوت: ڕەببی بخۆ.
٣٢بەڵا ئەو بە وانی گوت: ئەمن خۆراکی خواردنم هەیە کە ئەنگۆ نایزانن.
٣٣ئەو دەمی شاگردان بە یەکتریان گوت: مەگەر کەس چتێکی خواردنی بۆ وی هێناوە؟
٣٤یەسووع بە وانی گوت: خۆراکی من ئەوەیە کە ئیرادەی وەی بکەم کە ئەمنی ناردووە و کاری وی تەواو بکەم.
٣٥ئەرێ ئەنگۆ ناڵێن چاوی خۆتان هەڵێنن و تەماشای زەوییان بکەن کە سپین بۆ دروێنەی.
٣٦ئەلان دروێنەکەر حەقی دەستێنێ و حاسڵ بۆ ژیانی ئەبەدی خڕ دەکا هەتاکوو کە هێشتا چوار مانگی دیکە و دروێنە دێ؟ ئەوەتا ئەمن بە ئەنگۆ دەڵێم، تۆچێن و دروێنەکەر پێکەوە خۆشحاڵ ببن.
٣٧چونکە لێرە ئەو قسە ڕاستە کە تۆچێن یەکێکە و دروێنکەر یەکێکی دیکەیە.
٣٨ئەمن ئەنگۆم ناردووە کە دروێنەی بکەن ئەوەی کە زەحمەتوو دەگەڵی نەکێشاوە. ئی دیکان زەحمەتیان کێشاوە و ئەنگۆ وەژوور زەحمەتی وان کەوتوون.
٣٩و لە ئەو شارەی زۆران لە سمارییان بە وی ئیمانیان هێنا لەبەر قسەی ئەو ژنەی کە شایەدی دەدا کە هەموو ئەو چتانەی کە کردوومە بە منی گوت.
٤٠و کە سمارییان هاتنە کن ئەوی تەڵەبیان لێ کرد کە لەکن ئەوان بمێنێ، و دوو ڕۆژان لەوێ ما.
٤١و زۆرانی دیکە ئیمانیان هێنا لەبەر قسەی وی.
٤٢و بە ژنەکەیان گوت: ئیدی لەبەر قسەی تۆ ئیمان نایەنین، چونکە بۆخۆمان بیستوومانە و دەزانین کە بەڕاستی ئەوە خەڵاسکەری دنیایێیە.
٤٣و لەپاش ئەو دوو ڕۆژانە لە ئەوێ وەدەر کەوت بۆ جەلیلی.
٤٤چونکە یەسووع بۆخۆی شایەدی دا کە پێغەمبەرێک دە وەتەنی خۆیدا حورمەتی نییە.
٤٥بەڵا وەختێکی هاتە جەلیلی، جەلیلییان ئەویان قەبوڵ کرد، چونکە هەموو ئەو چتانەیان دیبوو کە دە ئورشەلیمی دە جێژنیدا کردبووی، چونکە ئەوانیش بۆ جێژنی هاتبوون.
٤٦و دیسان هاتە قانای جەلیلی، ئەو جێی کە ئاوی کردبوو بە شەراپ و شاهزادەیەک هەبوو کە کوڕی وی دە کەفەرناحومێدا نەخۆش بوو.
٤٧وەختێکی ئەو بیستی کە یەسووع لە یەهوودییە بۆ جەلیلی هاتبوو، چۆ کن ئەوی و تەڵەبی لێ کرد کە بێتە خوارێ و کوڕی وی ساغ بکاتەوە چونکە نیزیکی مردنێ بوو.
٤٨یەسووع بە وی گوت: ئەگەر ئەنگۆ نیشانان و عەجایبان نەبینن قەت ئیمان نایەنن.
٤٩شاهزادە بە وی گوت: یا ڕەب، وەرە خوارێ لە پێش ئەوەی کە منداڵی من بمرێ.
٥٠یەسووع بە وی گوت: بڕۆ، کوڕی تۆ دەژی. پیاوەکە باوەڕی کرد بەو قسەی کە یەسووع بە وی گوت و چوو.
٥١و کە دەچۆ خوارێ، خزمەتکارانی وی تووشی بوون دەیانگوت کە منداڵی وی دەژی.
٥٢ئەو دەمی پرسیاری لە وان کرد لە ئەو سەعاتەی کە دە وێدا چاتر ببوو. و بە وییان گوت: دوێنێ شەعاتی حەوتەم نۆبەتێ بەری دا.
٥٣ئەوجار بابی زانی کە هەر دەو سەعاتەیدا بوو کە یەسووع بە وی گوت: کوڕی تۆ دەژی. و ئیمانی هێنا بۆخۆی و هەموو ماڵی وی.
٥٤ئەوە دیسان نیشانەی دوویەم بوو کە یەسووع کردی وەختێکی لە یەهوودییە بۆ جەلیلی هات.