١وەختێکی یەسووع ئەو چتانەی کوتبوو، دەگەڵ شاگردانی خۆی بۆ ئەو لای جۆگەلەی قەدرۆن وەدەر کەوت، لە کوێ کە باغچەیەک هەبوو و دە وێدا وەژوور کەوت بۆخۆی و شاگردانی وی.
٢و یەهووداش کە ئەوی تەسلیم دەکرد ئەو جێی دەزانی چونکە یەسووع زۆر جاران دەگەڵ شاگردانی خۆی لەوێ خڕ دەبۆوە.
٣دەنا کە یەهوودا دەستەیەکی عەسکەر و خزمەتکاران لە کاهینانی گەورە و لە فریسییان وەرگرتبوو هاتە ئەوێ بە مەشخەڵان و چرایان و چەکان.
٤کە یەسووع هەموو چتی کە لەسەر ئەوی دەهات دەیزانی وەدەر کەوت و بە وانی گوت: «لە کێ دەگەڕێن؟»
٥جوابیان بە وی دا: «لە یەسووعی ناسری.» بە وانی گوت: «ئەمنم.» و یەهووداش کە ئەوی تەسلیم دەکرد دەگەڵ ئەوان ڕاوەستابوو.
٦وەختێکی بە وانی گوت، ئەمنم، بۆ پاشەوە چوون و کەوتنە ئەرزێ.
٧دەنا دیسان لە وانی پرسی: «لە کێ دەگەڕێن؟» و ئەوان کوتیان: «لە یەسووعی ناسری.»
٨یەسووع جوابی دا: «بە ئەنگۆم گوت کە ئەمنم. دەنا ئەگەر لە من دەگەڕێن، بێڵن کە ئەوانە بڕۆن.»
٩هەتاکوو تەواو ببێ ئەو قسەی کە کوتبووی: «ئەوانەی کە بە منت داوە لە وان هیچیەکم ون نەکردووە.»
١٠ئەو دەمی شەمعوون پیترۆس کە شیرێکی هەبوو ئەوی هەڵکێشا و لە خزمەتکاری کاهینی گەورەی دا و گوێی ڕاستی وی بڕی و نێوی ئەو خزمەتکارەی مەلخوس بوو.
١١یەسووع بە پیترۆسی گوت: «شیرەکەی دە قالانی بنێوە. ئەو پیاڵەی کە باب بە منی داوە، ئەرێ ئەوی ناخۆمەوە؟»
١٢ئەو دەمی عەسکەران و سەرکردە و خزمەتکارانی یەهوودییان، یەسووعیان گرت و ئەویان بەست.
١٣و هەوەڵێ بردیانە کن حەننا چونکە ئەو خەزووری قیافا بوو کە کاهینی گەورەی ئەوێ ساڵێ بوو.
١٤بەڵا قیافا ئەوە بوو کە بە یەهوودییان ئەو تەگبیرەی دابوو کە قازانجە کە یەک نەفەر بۆ قەومی بمرێ.
١٥بەڵا شەمعوون پیترۆس و شاگردێکی دیکە وەدوای یەسووع کەوتن و ئەو شاگردە کە لە کاهینی گەورە ناسراو بوو و دەگەڵ یەسووع دە حەساری کاهینی گەورە وەژوور کەوت.
١٦بەڵا پیترۆس لە دەرێ لەکن دەرکەی ڕاوەستابوو. و ئەو دەمی ئەو شاگردەی دیکە کە لە کاهینی گەورە ناسراو بوو وەدەر کەوت و دەگەڵ دەرکەوانی قسەی کرد و پیترۆسی وەژوور هێنا.
١٧ئەو دەمی قەرەواش دەرکەوانەکە بە پیترۆسی گوت: «ئەرێ ئەتۆش لە شاگردانی ئەو کەسەی نی؟» ئەو کوتی: «نیم.»
١٨بەڵا عەبدان و خزمەتکاران ئاورێکی ڕەژییان دروست کردبوو، چونکە سەرما بوو و ڕاوەستابوون و خۆیان گەرم دەکردەوە و پیترۆسیش دەگەڵ ئەوان ڕاوەستابوو و خۆی گەرم دەکردەوە.
١٩ئەو دەمی کاهینی گەورە لە یەسووع پرسیاری کرد، بەحسی شاگردانی وی و بەحسی تەعلیمانی وی.
٢٠یەسووع بە وی جوابی دا: «ئەمن بۆ دنیایێ بە ئاشکرا قسەم کردووە. ئەمن هەمیشە دە کەنیشتی و دە هەیکەلێدا تەعلیمم داوە، لە کوێ کە هەموو یەهوودییان خڕ دەبنەوە و بە دزی هیچ قسەم نەکردووە.
٢١بۆچی لە من پرسیار دەکەی؟ بپرسە لە ئەوانەی کە بیستوویانە چ بۆ وان قسەم کردووە. ئەوەتا ئەوان دەزانن ئەمن چم کوتووە.»
٢٢بەڵا وەختێکی ئەوەی گوت، یەکێک لە خزمەتکاران کە لەکنی ڕاوەستابوو زللەیەکی لە یەسووعی دا، دەیگوت: «ئەرێ بە کاهینی گەورە وەها جواب دەدەی؟»
٢٣یەسووع بە وی جوابی دا: «ئەگەر خراپ قسەم کردووە، لەسەر خراپی شایەدی بدە. بەڵا ئەگەر چاک قسەم کردووە بۆچی لێم دەدەی؟»
٢٤ئەو دەمی حەننا ئەوی بەستراو بۆ کن قیافا کاهینی گەورەی نارد.
٢٥و شەمعوون پیترۆس ڕاوەستابوو و خۆی گەرم دەکردەوە. ئەو دەمی بە وییان گوت: «ئەرێ ئەتۆش لە شاگردانی وی نی؟» ئەو حاشای کرد و کوتی: نیم.
٢٦یەکێک لە خزمەتکارانی کاهینی گەورە، خزمی وەی کە پیترۆس گوێی وی بڕیبوو کوتی: «ئەرێ ئەمن ئەتۆم دە باغچەیدا دەگەڵ ئەوی نەدی؟»
٢٧پیترۆس دیسان حاشای کرد و جێبەجێ کەڵەباب خوێندی.
٢٨ئەو دەمی یەسووعیان لەکن قیافای بۆ دیوانخانی برد. و سبحەینێ زوو بوو و بۆخۆیان وەژوور دیوانخانی نەکەوتن هەتاکوو ناپاک نەبن، بەڵا کە فەسحی بخۆن.
٢٩لەبەر ئەوەی پیلاتۆس وەدەر کەوتە کن ئەوان و کوتی: ئەنگۆ لەسەر ئەو پیاوەی چی گلێیی دادێنن؟
٣٠جوابیان دا و بە وییان گوت: «ئەگەر ئەوە خراپەکەر نەبایە ئەومان بە تۆ تەسلیم نەدەکرد.»
٣١ئەو دەمی پیلاتۆس بە وانی گوت: «ئەنگۆ ئەوی هەڵگرن و وەکوو شەریعەتی خۆتان لەسەر ئەوی حوکمێ بکەن.» یەهوودییان بە وییان گوت: «بۆ مە دروست نییە کە کەسێکی بکوژین.»
٣٢هەتاکوو تەواو ببێ قسەی یەسووع کە کوتی وەختێکی نیشانی دا بە چی جۆر مردنێ دەبا بمرێ.
٣٣ئەو دەمی پیلاتۆس دیسان وەژوور دیوانخانی کەوت و یەسووعی بانگ کرد و بە وی گوت: «ئەرێ ئەتۆ پادشای یەهوودییانی؟»
٣٤یەسووع جوابی دا: «ئەرێ ئەتۆ ئەوەی لە خۆتەوە دەڵێی یان ئی دیکان بەحسی من ئەوەیان بە تۆ کوتووە؟»
٣٥پیلاتۆس جوابی دا: «مەگەر ئەمن یەهوودیم؟ میللەتی تۆ و کاهینانی گەورە ئەتۆیان بە من تەسلیم کردووە، چت کردووە؟»
٣٦یەسووع جوابی دا: «پادشایەتی من لە ئەو دنیایەی نییە. ئەگەر پادشایەتی من لە ئەو دنیایەی بوویایە خزمەتکارانی من شەڕیان دەکرد کە بە یەهوودییان تەسلیم نەکرابامایە، بەڵا ئەوێستا پادشایەتی من لە ئێرە نییە.»
٣٧ئەو دەمی پیلاتۆس بە وی گوت: «دەنا ئەتۆ پادشای؟» یەسووع جوابی دا: «ئەتۆ دەڵێی کە پادشام. ئەمن بۆ ئەوەی بە وەلەد بووم و بۆ ئەوەی هاتوومە دنیایێ کە بۆ ڕاستی شایەدی بدەم. هەر کەس کە لە ڕاستییە دەنگی من دەبیێ.»
٣٨پیلاتۆس بە وی گوت: «ئەرێ ڕاستی چییە؟» و کە ئەوەی کوتبوو، دیسان وەدەر کەوتە کن یەهوودییان و بە وانی گوت: «ئەمن دە ویدا هیچ سووچێک پەیدا ناکەم.
٣٩بەڵا ئەنگۆ عادەتێکوو هەیە کە دە فەسحێدا یەکێک بۆ ئەنگۆ بەرەڵڵا بکەم. دەنا ئەرێ دەتانەوێ کە پادشای یەهوودییان بۆ ئەنگۆ بەرەڵڵا بکەم؟»
٤٠ئەو دەمی دیسان قیژاندییان دەیانگوت: «ئەوی نە، ئەمما براباسی»، بەڵا براباس جردەیەک بوو.