کتێبخانەی هیوائینجیلی موقەدەس (مەکری ١٩١٩)

ئینجیلی یۆحەنا، بابی ٩

کوردیی مەکری، وەرگێڕانی فۆسوم ١٩١٩

١و کە ڕادەبرد پیاوێکی دی کە لە زگماکی کوێر بوو.

٢و شاگردانی وی پرسیاریان لێ کرد دەیانگوت: «ڕەببی، کێ گوناحی کردووە؟ ئەوە یان والدەینی وی کە کوێر بە وەلەد بووە؟»

٣یەسووع جوابی دا: «نە ئەوە گوناحی کردووە و نە والدەینی ویش، بەڵا هەتاکوو کاری خوڵای دە ویدا ئاشکرا ببێ.

٤بۆ من لازمە کە کاری وەی کە ئەمنی ناردووە بەجێ بێنم کە هێشتا ڕۆژە. شەو دێ وەختێکی هیچکەس ناتوانێ کار بکا.

٥وەختێکی دە دنیایدام ڕووناکایی دنیایێم.»

٦و کە ئەوەی کوتبوو، تفی لەسەر ئەرزێ کرد و قوڕی لە تفی دروست کرد و ئەو قوڕەی لەسەر چاوانی وی دانا.

٧و بە وی گوت: «بڕۆ بشۆ دە حەوزی سلوامدا»، کە بە تەرجەمەیە: ناردراو. دەنا چوو، شووشتی و هاتەوە و دیتی.

٨ئەو دەمی جیرانان و ئەوانەی کە پێشتر ئەویان دیبوو کە سواڵکەر بوو، کوتیان: «ئەرێ ئەوە هەو نییە کە ڕۆدەنیشت و سواڵی دەکرد؟»

٩هێندێک کوتیان: هەوە، ئی دیکان کوتیان: نەخێر، بەڵا وەکوو ئەویە. بۆخۆی کوتی: ئەمنم.

١٠ئەو دەمی بە وییان گوت: «دەنا چاوانی تۆ چلۆن کرانەوە؟»

١١ئەو جوابی دا: «پیاوێکی کە بە وی یەسووع دەڵێن، قوڕی دروست کرد و لە چاوانی منی ماڵی و بە منی گوت: بڕۆ بۆ سلوامی و بشۆ و کە چووم و شووشتم دیتوو بووم.»

١٢و بە وییان گوت: ئەو لە کوێیە؟ کوتی: نازانم.

١٣ئەوەی کە پێشتر کوێر ببوو، بردیانە کن فریسیان.

١٤و ئەوێ ڕۆژێ شەمۆ بوو کە یەسووع قوڕی دروست کرد و چاوانی وی کردەوە.

١٥دیسان فریسییانیش پرسیان لێ کرد چلۆن دیتوو ببوو و بە ئەوانی گوت: قوڕی لەسەر چاوی من دانا و شووشتم و دەبینم.

١٦ئەو دەمی هێندێک لە فریسیان کوتیان: ئەو پیاوە لە خوڵای نییە چونکە شەمۆی ڕاناگرێ. ئی دیکان کوتیان: چلۆن دەتوانێ پیاوێکی گوناحکار وەها نیشانان بکا؟ و جوێبوونەوەی لەنێو ئەوان بوو.

١٧دەنا دیسان بەو کوێرەیان گوت: ئەتۆ چی دەڵێی بەحسی وی، چونکە چاوانی تۆی کردەوە؟

١٨و ئەو کوتی: پێغەمبەرە. ئەو دەمی یەهوودییان باوەڕیان نەکرد دەرحەقی وی کە کوێر ببوو و دیتوو بوو هەتا والدەینی ئەو دیتووبووەیان بانگ کرد.

١٩و لە وانیان پرسی دەیانگوت: «ئەرێ ئەوە کوڕی ئەنگۆیە، کە ئەنگۆ دەڵێن کە کوێر بە وەلەد بوو؟ دەنا ئەوێستا چلۆن دەبینێ؟»

٢٠والدەینی وی جوابیان دا و کوتیان: «دەزانین کە ئەوە کوڕی مەیە و کە کوێر بە وەلەد بوو.»

٢١بەڵا چلۆن ئەوێستا دەبینێ، نازانین. یان کێ چاوانی وی کردۆتەوە ئەمە نازانین. لە خۆی بپرسن، باڵقە، با ئەو بەحسی خۆی قسان بکا.

٢٢والدەینی وی ئەوەیان گوت لەبەر ئەوەی کە لە یەهوودییان دەترسان، چونکە یەهوودییان ئەلان وەعدەیان کردبوو کە ئەگەر کەسێک ئەوی بە مەسیح ئیقرار بکا، لە کەنێشتی دەر بکرێ.

٢٣لەبەر ئەوەی والدەینی وی کوتیان کە باڵقە، لە خۆی بپرسن.

٢٤دەنا جاری دوویەم ئەو پیاوەی کە کوێر ببوو بانگیان کرد و بە وییان گوت: «جەلال بە خوڵای بدە، ئەمە دەزانین کە ئەو پیاوە گوناحکارە.»

٢٥ئەو جوابی دا: «ئەگەر گوناحکارە نازانم، یەک چت دەزانم کە کوێر بووم و ئەلان دەبینم.»

٢٦ئەو دەمی بە وییان گوت: «بە تۆ چی کرد؟ چلۆن چاوانی تۆی کردەوە؟»

٢٧جوابی بە وان دا: «ئەلان بە ئەنگۆم کوتەوە و گوێو نەگرت. بۆچی دیسان دەتانەوێ کە ببیێن؟ مەگەر ئەنگۆش دەتانەوێ کە شاگردانی وی ببن؟»

٢٨و جنێویان پێ دا و کوتیان: «ئەتۆ شاگردی وی بەڵا ئەمە شاگردانی مووساین.

٢٩ئەمە دەزانین کە خوڵا دەگەڵ مووسا قسەی کردووە، بەڵا نازانین ئەوە لە کوێیە؟»

٣٠ئەو پیاوە جوابی دا و بە وانی گوت: «ئادی دە وەیدا چتێکی عەجایبە کە ئەنگۆ نازانن لە کوێیە و چاوانی منی کردۆتەوە.

٣١دەزانین کە خوڵا لە گوناحکاران گوێ ناگرێ، بەڵا ئەگەر کەسێک خوڵاترس ببێ و ئیرادەی وی بکا، لە وی گوێ دەگرێ.

٣٢لە هەوەڵی دنیایێ نەبیستراوە کە کەسێک چاوانی کوێری زگماکی کردبێتەوە.

٣٣ئەگەر ئەوە لە خوڵای نەبایە چتێکی نەدەتوانی بکا.»

٣٤جوابیان دا و بە وییان گوت: «ئەتۆ یەکجار دە گوناحاندا بە وەلەد بووی و ئەرێ ئەتۆ ئەمە تەعلیم دەدەی؟» و ئەویان دەر کرد.

٣٥یەسووع بیستی کە ئەویان دەر کردبوو و کە ئەوی پەیدا کرد کوتی: «ئەرێ ئەتۆ بە کوڕی ئینسانی ئیمان دێنی؟»

٣٦ئەو جوابی دا و کوتی: «یا ڕەب، ئەرێ کێیە کە بە وی ئیمان بێنم؟»

٣٧یەسووع بە وی گوت: «ئەویشت دیوە و ئەوەی کە دەگەڵ ئەتۆ قسان دەکا هەوە.»

٣٨و ئەو کوتی: «یا ڕەب، ئیمان دێنم و سجدەی لێ کرد.»

٣٩و یەسووع کوتی: «ئەمن بۆ حوکمکردنێ هاتوومە ئەو دنیایەی هەتاکوو ئەوانەی کە نابینن، ببینن و ئەوانەی کە دەبینن کوێر ببن.»

٤٠ئەوان لە فریسییان کە دەگەڵ ئەوی بوون ئەو چتانەیان بیست و بە وییان گوت: مەگەر ئەمەش کوێرین؟

٤١یەسووع بە وانی گوت: «ئەگەر ئەنگۆ کوێر ببان، هیچ گوناحوو نەدەبوو، بەڵا ئەوێستا دەڵێن دەبینین، دەنا گوناحوو دەمێنێ.»

١٢٣٤٥٦٧٨٩١٠١١١٢١٣١٤١٥١٦١٧١٨١٩٢٠٢١
لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە ←
ئینجیلی موقەدەس بە کوردیی مەکری، وەرگێڕانی لودڤیگ فۆسوم ١٩١٩ (American Bible Society / BFBS)، بەردەستە بۆ هەمووان (Public Domain). نووسینەوەی یونیکۆد: Vejîn Books / هۆزان عەزیزی. لە کتێبخانەی هیوا.