١لە پاش ئەوەی یەسووع چوو بۆ ئەو لای بەحری جەلیلێ، یەعنی بەحری تێبرییە.
٢و خەڵکێکی زۆر وەدوای وی دەکەوتن چونکە ئەو نیشانانەیان دەدی کە لەسەر نەخۆشانی دەکرد.
٣و یەسووع وەسەر کێوی کەوت و لەوێ دەگەڵ شاگردانی خۆی ڕۆنیشت.
٤و فەسح، جێژنی یەهوودییان نیزیک بوو.
٥و کە یەسووع چاوی خۆی هەڵێنا و خەڵکێکی زۆری دی کە دەهاتنە کن ئەوی، بە فیلپۆسی گوت: لە کوێ نان بکڕین کە ئەوانە بخۆن؟
٦بەڵا ئەوەی دەگوت کە ئەوی تەجرەبە بکا، چونکە بۆخۆی دەیزانی چی دەبا بکا.
٧فیلپۆس بە وی جوابی دا: دووسەد دینار نان بۆ وان بەس نییە هەتاکوو هەر یەک کەمێکی بستێنێ.
٨یەکێک لە شاگردانی وی، ئەندریاس برای شەمعوون پیترۆس بە وی گوت:
٩لێرە کوڕێکی چکۆلە هەیە کە پێنج نانی جۆ و دوو ماسی هەیە. بەڵا ئەوانە چن بۆ ئەوەندە زۆران؟
١٠یەسووع کوتی: با خەڵکی ڕۆبنیشن. بەڵا دەو جێیدا گیای زۆر هەبوو و پیاوان بە حیساب بەقەد پێنج هەزار ڕۆنیشتن.
١١ئەو دەمی یەسووع ئەو نانانەی هەڵگرت و کە شوکری کردبوو، بۆ ڕۆنیشتووانی بەش کرد و هەر واش لەو ماسییان هەر چەندێکی کە ویستیان.
١٢و کە تێر بوون بە شاگردانی خۆی گوت: ئەو لەتکانەی کە زیاد بوون، خڕ بکەنەوە هەتاکوو چتێک ون نەبێ.
١٣و خڕیان کرد و لە لەتکانی ئەو پێنج نانانەی جۆ کە زیاد بوون لە ئەوانەی کە خواردبوویان، دوازدە زەمبیلیان پڕ کردەوە.
١٤و کە خەڵکی ئەو نیشانەیان دی کە کردی، کوتیان: بەڕاستی ئەو پێغەمبەرەی کە دێتە دنیای ئەوەیە.
١٥دەنا وەختێکی یەسووع تێ گەیشت کە دەبا بێن و ئەوی بە زۆری بگرن کە بیکەنە پادشا، دیسان چۆ سەر کێوی ئەو بۆخۆی بەتەنێ.
١٦بەڵا وەختێکی ئێوارێ بوو، شاگردانی وی چوونە خوارێ، لەکن بەحری.
١٧و وەژوور گەمێیەکی کەوتن و بۆ ئەو لای بەحرێ بۆ کەفەرناحومی دەچوون، و ئەلان تاریک بوو و یەسووع هێشتا بۆ کن ئەوان نەهاتبوو.
١٨و بەحر لە بایەکی گەورە کە لێی دەدا زۆر تێکەڵ دەبوو.
١٩وەختێکی بەقەد بیست و پێنج یان سی تیرهاویشتنێ سەوڵەیان لێ دابوو یەسووعیان دی لەسەر بەحرێ دەگەڕا و نیزیکی گەمێ دەهات و ترسان.
٢٠بەڵا ئەو بە وانی گوت: ئەمنم مەترسێن.
٢١ئەو دەمی ویستیان کە ئەوی دە گەمێدا قەبوڵ بکەن و جێبەجێ گەمێ لەکن ئەو ئەرزەی بوو کە بۆ ئەوێ دەچوون.
٢٢دە ڕۆژی دیدا، خەڵکی کە لەو بەری بەحرێ ڕاوەستابوون دیتیان کە گەمێیەکی دیکە لەوێ نەبوو بێجگە لە یەکێک، و کە یەسووع دەگەڵ شاگردانی خۆی وەژوور گەمێ نەکەوتبوو، بەڵا کە شاگردانی وی بەتەنێ چووبوون.
٢٣بەڵا گەمێیانی دیکە هاتن لە تێبرییە نیزیکی ئەو جێی کە نانیان لەوێ خواردبوو لەپاش شوکرکردنی ڕەب.
٢٤دەنا وەختێکی خەڵکی دیتیان کە نە یەسووع لەوێ بوو و نە شاگردانی ویشی، ئەوان وەسەر گەمێیان کەوتن و هاتنە کەفەرناحومی و حەولی یەسووعیان دەدا.
٢٥و کە ئەویان لەو لای بەحرێ پەیدا کرد، بە وییان گوت: ڕەببی کەنگێ هاتوویە ئێرە؟
٢٦یەسووع بە وان جوابی دا و کوتی: ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەنگۆ حەولی من دەدەن نە لەبەر ئەوەی کە نیشانانوو دی، بەڵا لەبەر ئەوەی کە نانانوو خوارد و تێر بوون.
٢٧کارێ مەکەن بۆ ئەو خۆراکەی کە هیلاک دەبێ، بەڵا بۆ ئەو خۆراکەی کە هەتا ژیانی ئەبەدی دەمێنێ، ئەوەی کە کوڕی ئینسانی بە ئەنگۆ دەدا، چونکە باب یەعنی خوڵا ئەوی مۆر کردووە.
٢٨ئەو دەمی بە وییان گوت: چی بکەین هەتاکوو کارانی خوڵای بەجێ بێنین؟
٢٩یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: کاری خوڵای ئەوەیە کە ئیمان بێنن بە ئەوەی کە ئەو ناردوویە.
٣٠ئەو دەمی بە وییان گوت: دەنا چی نیشانەیەکی دەکەی هەتاکوو ببینین و ئیمان بە تۆ بێنین؟ چی کارێکی دەکەی؟
٣١بابانی مە دە چۆڵیدا مننەیان خوارد چلۆنێکی نووسراوە، نانی لە ئاسمانێ بە وان دا کە بخۆن.
٣٢یەسووع بە وانی گوت: ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: مووسا ئەو نانەی لە ئاسمانێ بە ئەنگۆ نەداوە بەڵا بابی من ئەو نانی ڕاست لە ئاسمانێ بە ئەنگۆ دەدا.
٣٣چونکە نانی خوڵای ئەوەیە کە لە ئاسمانێ دێتە خوارێ و بە دنیای ژیانێ دەدا.
٣٤ئەو دەمی بە وییان گوت: یا ڕەب، ئەو نانەی هەمیشە بە مە بدە.
٣٥یەسووع بە وانی گوت: ئەمنم نانی ژیانێ، ئەوەی کە بێتە کن ئەمن برسی نابێ و ئەوەی کە ئیمان بە من بێنێ قەت تینوو نابێ.
٣٦بەڵا بە ئەنگۆم گوت: کە ئەمنیشوو دیوە و ئیمان نایەنن.
٣٧هەموو کە باب بە من دەدا دێتە کن ئەمن، و ئەوەی کە بێتە کن ئەمن قەت دەری ناکەم.
٣٨چونکە لە ئاسمانێ هاتوومە خوارێ نە کە ئیرادەی خۆم بکەم، بەڵا ئیرادەی وەی کە ئەمنی ناردووە.
٣٩و ئەوەیە ئیرادەی وەی کە ئەمنی ناردووە، کە لە هەموو ئەوەی کە بە منی داوە چتێکی ون نەکەم، بەڵا کە دە ڕۆژی ئاخرێدا ئەوی هەڵدەستێنمەوە.
٤٠چونکە ئیرادەی بابی من ئەوەیە کە هەر کەس کە کوڕی ببینێ و ئیمان بە وی بێنێ ژیانی ئەبەدی دەبێ و کە ئەمن دە ڕۆژی ئاخرێدا ئەوی هەڵدەستێنمەوە.
٤١ئەو دەمی یەهوودییان لەسەر ئەوی بۆڵەبۆڵیان دەکرد چونکە کوتی: ئەمنم ئەو نانەی کە لە ئاسمانێ هاتۆتە خوارێ.
٤٢و دەیانگوت: ئەرێ ئەوە یەسووع کوڕی یوسف نییە کە ئەمە باب و دایکی دەناسین؟ دەنا چلۆن دەڵێ کە لە ئاسمانێ هاتوومە خوارێ؟
٤٣یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: دەگەڵ یەکتری بۆڵەبۆڵێ مەکەن.
٤٤هیچکەس ناتوانێ بێتە کن ئەمن ئەگەر باب کە ئەمنی ناردووە ئەوی نەکێشێ و ئەمن دە ڕۆژی ئاخرێدا ئەوی هەڵدەستێنمەوە.
٤٥دە پێغەمبەراندا نووسراوە و هەمووان لە خوڵای تەعلیم دەکرێن. هەر کەس کە لە باب بیستوویە و فێر بووە دێتە کن ئەمن.
٤٦نە کە کەسێک بابی دیوە. هەر ئەوەی کە لە خوڵایە ئەو بابی دیوە.
٤٧ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەوەی کە ئیمان بێنێ ژیانی ئەبەدی هەیە.
٤٨ئەمنم نانی ژیانێ.
٤٩بابانی ئەنگۆ دە چۆڵیدا مننەیان خوارد و مردن.
٥٠ئەوەیە ئەو نانەی کە لە ئاسمانێ دێتە خوارێ هەتاکوو کەسێک لە وی بخوا و نامرێ.
٥١ئەمنم ئەو نانەی زیندوو کە لە ئاسمانێ هاتۆتە خوارێ. ئەگەر کەسێک لەو نانەی بخوا، هەتا ئەبەدی دەژی. و ئەو نانەی کە ئەمن دەدەم بۆ ژیانی دنیایێ بەدەنی منە.
٥٢ئەو دەمی یەهوودییان دەگەڵ یەکتری شەڕیان کرد، دەیانگوت: ئەوە چلۆن دەتوانێ بەدەنی خۆی بە مە بدا کە بیخۆین؟
٥٣یەسووع بە وانی گوت: ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەگەر ئەنگۆ بەدەنی کوڕی ئینسانی نەخۆن و خوێنی وی نەخۆنەوە، دە خۆتاندا ژیانوو نییە.
٥٤ئەوەی کە بەدەنی من دەخوا و خوێنی من دەخواتەوە ژیانی ئەبەدی هەیە و ئەمن دە ڕۆژی ئاخرێدا ئەوی هەڵدەستێنمەوە.
٥٥چونکە بەدەنی من خواردنی ڕاستە و خوێنی من خواردنەوەی ڕاستە.
٥٦ئەوەی کە بەدەنی من دەخوا و خوێنی من دەخواتەوە، دە مندا دەمێنێ و ئەمن دە ویدا.
٥٧چلۆنێکی بابی زیندوو ئەمنی ناردووە و ئەمن بە سەبەبی باب دەژیم، هەر واش ئەوەی کە ئەمن دەخوا ئەویش بە سەبەبی من دەژی.
٥٨ئەوەیە ئەو نانەی کە لە ئاسمانێ هاتۆتە خوارێ، نەوەکوو بابان خواردیان و مردن. ئەوەی کە لەو نانەی بخوا، هەتا ئەبەدێ دەژی.
٥٩ئەو چتانەی دە کەنیشتێکیدا گوت وەختێکی دە کەفەرناحومێدا تەعلیمی دەدا.
٦٠و زۆران لە شاگردانی وی وەختێکی بیستییان کوتیان: ئەو قسەڕەقە، کێ دەتوانێ گوێی لێ بگرێ؟
٦١بەڵا یەسووع وەختێکی دە خۆیدا دەیزانی کە شاگردانی وی لەسەر ئەو چتەی بۆڵەبۆڵیان دەکرد بە وانی گوت: ئەرێ ئەو چتە ئەنگۆ هەڵدەنگوێنێ؟
٦٢دەنا چلۆن دەبێ ئەگەر کوڕی ئینسانی ببینن وەسەر بکەوێ بۆ ئەو جێی کە هەوەڵێ لەوێ ببوو؟
٦٣ڕوحە کە زیندووی دەکاتەوە، بەدەن هیچ فایدەی نییە. ئەو قسانەی کە ئەمن بە ئەنگۆم کوتووە ڕوحە و ژیانە.
٦٤بەڵا لە ئەنگۆ هێندێک هەن کە ئیمان نایەنن، چونکە یەسووع لە هەوەڵەوە دەیزانی کێن ئەوانەی کە ئیمان دێنن و کێیە کە ئەوی تەسلیم دەکا.
٦٥و کوتی: لەبەر ئەوەی بە ئەنگۆم کوتووە کە کەسێک ناتوانێ بێتە کن ئەمن، ئەگەر لە باب بە وی نەدراوە.
٦٦لە ئەو سەبەبەی زۆران لە شاگردانی وی بۆ پاشەوە چوون و ئیدی دەگەڵ ئەوی نەدەگەڕان.
٦٧ئەو دەمی یەسووع بەو دوازدانەی گوت: ئەرێ ئەنگۆش دەتانەوێ کە بچنەوە؟
٦٨شەمعوون پیترۆس بە وی جوابی دا: یا ڕەب بۆ کن کێ بچین؟ ئەتۆ کەلامی ژیانی ئەبەدیت هەیە.
٦٩و ئەمە ئیمانمان هێناوە و زانیومانە کە ئەتۆ موقەدەسی خوڵای.
٧٠یەسووع بە وان جوابی دا: ئەرێ ئەمن ئەنگۆ دوازدەم هەڵنەبژاردووە؟ و یەکێک لە ئەنگۆ شەیتانە.
٧١بەڵا بەحسی یەهوودا کوڕی شەمعوون ئێسخەریوتی قسەی دەکرد چونکە ئەو دەبا ئەوی تەسلیم بکا و یەکێک لەو دوازدانە بوو.