کتێبخانەی هیوائینجیلی موقەدەس (مەکری ١٩١٩)

ئینجیلی یۆحەنا، بابی ٢١

کوردیی مەکری، وەرگێڕانی فۆسوم ١٩١٩

١لە پاش ئەوەی یەسووع دیسان خۆی بۆ شاگردانی ئاشکرا کرد، لەکن بەحری تێبرییای و بەو جۆرە ئاشکرا کرد.

٢شەمعوون پیترۆس و تۆما کە دوانە بانگ دەکرا و نەتانائیل ئەوەی لە قانای جەلیلی و کوڕانی زەبدی و دوانی دیکە لە شاگردانی وی پێکەوە بوون.

٣شەمعوون پیترۆس بە وانی گوت: «دەچم ماسی بگرم.» بە وییان گوت: «ئەمەش دەگەڵ ئەتۆ دێین.» و وەدەر کەوتن و چوونە نێو گەمێ و دەو شەوەیدا هیچیان نەگرت.

٤ئەمما کە ئەلان سبحەینێ بوو، یەسووع لەسەر قەراغێ ڕاوەستا، بەڵا شاگردان نەیان دەزانی کە یەسووع بوو.

٥ئەو دەمی یەسووع بە وانی گوت: «ئەی ڕۆڵەینە، ئەرێ چتێکی خواردنیو هەیە؟» جوابیان بە وی دا: «نەخێر.»

٦و بە وانی گوت: تۆڕەکە لەلای ڕاستی گەمێ باوێژن و پەیدا دەکەن. دەنا هاویشتیان و لەبەر زۆریی ماسییان ئیدی نەیاندەتوانی کە ئەوی هەڵبکێشن.

٧ئەو دەمی ئەو شاگردەی کە یەسووع خۆشی دەویست بە پیترۆسی گوت: «ئەوە ڕەببە.» شەمعوون پیترۆس وەختێکی بیستی کە ڕەب بوو، کەوا لەسەر خۆی پێچاوە، چونکە ڕووت بوو و خۆی دە بەحرێ هاویشت.

٨بەڵا ئەو شاگردانەی دیکە بە گەمێ دهاتن چونکە دوور لە ئەرزێ نەبوون، بەڵا بەقەد دووسەد گەز، و تۆڕەکەی ماسیانیان دەکێشا.

٩دەنا وەختێکی هاتنە سەر ئەرزێ پۆلوویان لەوێ داندراو و ماسی لەسەری داندراو و نانیان دی.

١٠یەسووع بە وانی گوت: «بێنن لەو ماسییانەی کە ئەوێستا گرتتان.»

١١شەمعوون پیترۆس وەسەر کەوت و تۆڕەکەی بۆ سەر ئەرزێ هەڵکێشا پڕ لە ماسییانی گەورە، سەد و پێنجا و سێ. و هەر چەند ئەوەندە زۆر بوون، تۆڕەکە نەدڕا.

١٢یەسووع بە وانی گوت: «وەرن کاوەلتون بخۆن.» بەڵا کەس لە شاگردان نەیدەوێرا کە لێی بپرسێ ئەتۆ کێی؟ چونکە دەیانزانی کە ڕەب بوو.

١٣یەسووع هات و نانی هەڵگرت و بە وانی دا و هەر واش ماسی.

١٤ئەوە ئەلان جاری سێیەم بوو کە یەسووع لە شاگردان بیندرا، لە پاش ئەوەی کە لەنێو مردووان هەڵ ئەستاندرا بۆوە.

١٥دەنا وەختێکی کاوەلتونیان خواردبوو، یەسووع بە شەمعوون پیترۆسی گوت: «ئەی شەمعوون کوڕی یوحەننا ئەرێ ئەتۆ ئەمن زیاتر لە ئەوانە دەحوببێنیٚ؟» بە وی گوت: «بەڵێ ئەی ڕەب، ئەتۆ دەزانی کە ئەتۆم خۆش دەوێ.» بە وی گوت: «بەرخانی من بلەوەڕێنە.»

١٦دیسان جاری دوویەم بە وی گوت: «ئەی شەمعوون کوڕی یوحەننا، ئەرێ ئەتۆ ئەمن دەحوببێنی؟» بە وی گوت: «بەڵێ ئەی ڕەب، ئەتۆ دەزانی کە ئەتۆم خۆش دەوێ.» بە وی گوت: «مەڕانی چکۆلەی من شوانی بکە.»

١٧جاری سێیەم بە وی گوت: «ئەی شەمعوون کوڕی یوحەننا، ئەرێ ئەمنت خۆش دەوێ؟» پیترۆس خەمناک بوو کە جاری سێیەم بە وی گوت: «ئەرێ ئەمنت خۆش دەوێ؟» و بە وی گوت: «یا ڕەب ئەتۆ هەموو چتێکی دەزانی. ئەتۆ دەناسی کە ئەتۆم خۆش دەوێ.» یەسووع بە وی گوت: «مەڕانی چکۆلەی من بلەوەڕێنە.

١٨ڕاستی ڕاستی بە تۆ دەڵێم: وەختێکی جحێڵتر بووی پشتی خۆتت دەبەست و هەر جێیەکی کە دەتویست، دەچووی، بەڵا وەختێکی پیر دەبی دەستانی خۆت درێژ دەکەی و ئی دیکە پشتت دەبەستێ و دەتبا بۆ کوێ کە ناتەوێ.»

١٩بەڵا ئەوەی گوت، کە نیشان بدا بە چی جۆر مردنێ دەبا خوڵای بە جەلال بکا و کە ئەوەی کوتبوو بە وی گوت: «وەدوای من بکەوە.»

٢٠کە پیترۆس وەرگەڕا دیتی کە ئەو شاگردەی کە یەسووع خۆشی دەویست وەدوای دەکەوت، ئەوەی کە لەکن سفرەش لەسەر سنگی وی خوار بۆوە و کوتی: «ئەی ڕەب کێیە کە ئەتۆ تەسلیم دەکا؟»

٢١دەنا وەختێکی پیترۆس ئەوی دی بە یەسووعی گوت: «ئەی ڕەب، بەڵا ئەوە چی بەسەر دێ؟»

٢٢یەسووع بە وی گوت: «ئەگەر بمەوێ کە ئەو بمێنێ هەتا بێمەوە بە تۆ چی؟ ئەتۆ وەدوای من بکەوە.»

٢٣لەبەر ئەوەی ئەو قسە لەنێو برایان وەدەر کەوت کە ئەو شاگردە نەمرێ، ئەمما یەسووع بە وی نەگوت کە نامرێ، بەڵا ئەگەر بمەوێ کە ئەو بمێنێ هەتا بێمەوە بە تۆ چی؟

٢٤ئەوەیە ئەو شاگردەی کە لەسەر ئەو چتانەی شایەدی دەدا و ئەو چتانەی نووسیوە و ئەمە دەزانین کە شایەدی وی ڕاستە.

٢٥بەڵا زۆر چتانی دیکەش هەن کە یەسووع کردوویە و ئەگەر یەک یەک بنووسرابان فکر دەکەم کە ئەو دنیایە بۆخۆشی نەیدەگرت ئەو کتێبانەی کە دەبا بنووسرێن.

١٢٣٤٥٦٧٨٩١٠١١١٢١٣١٤١٥١٦١٧١٨١٩٢٠٢١
لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە ←
ئینجیلی موقەدەس بە کوردیی مەکری، وەرگێڕانی لودڤیگ فۆسوم ١٩١٩ (American Bible Society / BFBS)، بەردەستە بۆ هەمووان (Public Domain). نووسینەوەی یونیکۆد: Vejîn Books / هۆزان عەزیزی. لە کتێبخانەی هیوا.