١و دەو وەختەیدا هێندێک لەوێ بوون کە بە وی خەبەریان دا، بەحسی ئەو جەلیلیانە کە پیلاتووس خوێنی وانی دەگەڵ قوربانانی وان تێکەڵ کردبوو.
٢و جوابی دا و بە وانی گوت: «ئەرێ فکر دەکەن کە ئەو جەلیلییانە لە هەموو جەلیلییان گوناحکارتر بوون، چونکە ئەو چتانەیان کێشاوە؟
٣بە ئەنگۆ دەڵێم نەخێر، بەڵا ئەگەر تۆبەی نەکەن هەمووتان هەر وا هیلاک دەبن.
٤یان ئەو هەژدانەی کە بورجی دە سلوامدا کەوتە سەریان و ئەوانی کوشت، ئەرێ فکر دەکەن کە ئەوان لە هەموو کەسانی کە دە ئورشەلیمیدا دەژین خەتادارتر بوون؟
٥بە ئەنگۆ دەڵێم: نەخێر، بەڵا ئەگەر تۆبەی نەکەن هەمووتان هەر وا هیلاک دەبن.»
٦و ئەو مەسەلەی گوت: کەسێک دارەهەنجیرێکی چەقاندراو دە ڕەزی خۆیدا هەبوو و هات و حەولی میوەی لە وی دەدا و پەیدای نەکرد.
٧و بە ڕەزوانی گوت: «ئەوەتا سی ساڵە کە دێم و لەو دارەهەنجیرەی حەولی میوەی دەدەم و پەیدا ناکەم. ئەوی ببڕە، بۆچی ئەرزیش بەتاڵ دەکا؟»
٨بەڵا ئەو جوابی دا و بە وی گوت: «ئەی ئاغا، ئەو ساڵیش لێی گەڕێ هەتا دەوری وی هەڵبکەنم و زبڵی تێ بکەم.
٩و ئەگەر میوەی بێنی لە پاش ئەوەی، چاک، بەڵا ئەگەر نە ئەوی ببڕێ.»
١٠و دە شەمۆی دە یەکێک لە کەنیشتاندا تەعلیمی دەدا.
١١و ئەوەتا ژنێک هەبوو کە هەژدە ساڵ ڕوحێکی زەعیفی بوو و کووڕ بوو و نەیدەتوانی خۆی تەواو ڕاست بکاتەوە.
١٢بەڵا وەختێکی یەسووع ئەوی دی بانگی کرد و بە وی گوت: «ئەی ژن، لە زەعیفیی خۆت ڕەد بووی.»
١٣و دەستانی لەسەر ئەوی دانا و جێبەجێ ڕاست بۆوە و شوکری خوڵای دەکرد.
١٤بەڵا گەورەی کەنیشتی کە ناقایل بوو چونکە یەسووع دە شەمۆیدا ساغ دەکردەوە، جوابی دا و بە خەڵکی گوت: «شەش ڕۆژ هەن کە دە واندا لازمە کە کار بکەن، دەنا دە واندا وەرن و ساغ ببنەوە و نە دە ڕۆژی شەمۆیدا.»
١٥بەڵا ڕەب بە وی جوابی دا و کوتی: «ئەی ڕیاکاران، ئەرێ هەر یەکێک لە ئەنگۆ دە شەمۆیدا گای خۆی یان کەری لە ئاخوڕی ناکاتەوە و نایبا کە ئاوی بدا؟
١٦بەڵا ئەوە کە کچی ئیبراهیمە، کە شەیتان بەستوویە ئەوەتا هەژدە ساڵ، ئەرێ واجب نییە کە دە ڕۆژی شەمۆیدا لەو بەندەی بکرێتەوە؟»
١٧و کە ئەو چتانەی گوت، هەموو ئەوانەی کە زیددی وی بوون، شەرمییان کرد و هەموو خەڵکی خۆشحاڵ دەبوون لەسەر هەموو چتانی جەلالدار کە بە وی دەکران.
١٨ئەو وەختی کوتی: «پادشایەتی خوڵای بە چی دەشبهێ و بە چی ئەوی بشبهێنم؟
١٩دەشبهێ بە دەنکێکی خەردەل کە پیاوێک گرتی و دە باغچەی خۆیدا هاویشتی و گەورە بوو و بوو بە دارێک و تەیڕانی ئاسمان دە لکانی ویدا هەڵنیشتن.»
٢٠و دیسان کوتی: «ئەرێ پادشایەتی خوڵای بە چی بشبهێنم؟»
٢١دەشبهێ بە هەویرترشێکی کە ژنێک گرتی و دە سێ کیلەی ئاردیدا شاردیەوە هەتا هەموو ترشا.
٢٢و دە نێو شاران و دێیاندا دەگەڕا؛ تەعلیمی دەدا و بۆ لای ئورشەلیمی دەچوو.
٢٣و کەسێک بە وی گوت: «یا ڕەب ئەرێ کەمن کە خەڵاس دەبن؟»
٢٤بەڵا ئەو بە وانی گوت: «زەحمەت بکێشن کە لە دەرکەی تەنگ وەژوور بکەون، چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم: زۆران سەعی دەکەن کە وەژوور بکەون و ناتوانن.
٢٥لەپاش ئەوەی کە خانەخوێ هەڵستاوە و دەرکەی داخستووە و ئەنگۆ دەست پێ دەکەن کە لە دەرێ ڕاوەستن و لە دەرکەی دەدەن و بڵێن یا ڕەب بۆ مە بیکەوە! و جواب دەدا و بە ئەنگۆ دەڵێ: ئەنگۆ ناناسم لە کوێن.
٢٦ئەودەمی ئەنگۆ دەست پێ دەکەن کە بڵێن: لە بەر چاوی تۆمان خواردووە و خواردوومانەوە و دە کوچەی مەدا تەعلیمت داوە.
٢٧و ئەو دەڵێ، بە ئەنگۆ دەڵێم: ناناسم لە کوێن، لە من دوور بن ئەی هەموو ناحەقکەران.
٢٨لەوێ گریان و جیڕاندنی دەدانان دەبێ وەختێکی ئیبراهیم و ئیسحاق و یەعقوب و هەموو پێغەمبەران دە پادشایەتی خوڵایدا، بەڵا خۆتان دەرکراو دەبینن.
٢٩و لە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوای و لە شوماڵ و جنوب دێن و لەسەر سفرەی دە پادشایەتی خوڵایدا ڕۆدەنیشن.
٣٠و ئەوەتا ئاخیران هەن کە هەوەڵ دەبن و هەوەڵان هەن کە ئاخیر دەبن.»
٣١دەو سەعاتەیدا چەند فریسییان هاتنە پێش و بە وییان گوت: «وەدەر بکەوە و بڕۆ لە ئێرە، چونکە هیرۆدیس تەمای هەیە ئەتۆ بکوژێ.»
٣٢و بە وانی گوت: «بڕۆن و بەو ڕێوییەی بڵێن: ئەوەتا جیننان دەر دەکەم و ساغیەتی دەکەم، ئەوڕۆ و سبحەینێ و دە ڕۆژی سێیەمدا خەڵاس دەبم.
٣٣بەڵا بۆ من لازمە کە ئەوڕۆ و سبحەینێ و دە ڕۆژی دیدا بگەڕێم، چونکە نابێ کە پێغەمبەرێک لە ئورشەلیمی بەدەر هەلاک ببێ.
٣٤ئەی ئورشەلیم، ئەی ئورشەلیم کە پێغەمبەران دەکوژی و ئەوانەی کە ناردراونە کن ئەتۆ بەردەباران دەکەی، چەند جاران ویستم کە منداڵانی تۆ خڕ بکەمەوە چلۆنێکی مریشک جوچکان لە بن باڵانی خۆی خڕ دەکاتەوە و نەتانویست.
٣٥ئەوەتا ماڵوو بۆ ئەنگۆ وێران دەمێنێ و بە ئەنگۆ دەڵێم: قەت ئەمن نابینن هەتا ئەو وەختی بێ کە دەڵێن: «ممبارەک بێ ئەوەی کە بە نێوی ڕەب دێ.»