١و هەموو جەماعەتی وان هەڵستان و ئەویان بردە کن پیلاتۆس.
٢و دەستیان پێ کرد کە گلەیی لێ بکەن دەیانگوت: «ئەوەمان پەیدا کردووە کە میللەتی مە هەڵدەخەڵەتێنێ و قەدەغە دەکا کە خەرج بە قەیسەری نەدەن و دەڵێ کە ئەو بۆخۆی مەسیح و پادشایە.»
٣بەڵا پیلاتۆس لێی پرسی دەیگوت: «ئەرێ ئەتۆ پادشای یەهوودیانی؟» ئەو جوابی دا و کوتی: «ئەتۆ دەڵێی.»
٤و پیلاتۆس بە کاهینانی گەورە و خەڵکی گوت: «دەو پیاوەیدا هیچ سوچێک پەیدا ناکەم.»
٥بەڵا ئەوان زۆرییان لێ دەکرد، دەیانگوت: «قەومی دەشێوێنێ بە وەی کە دە هەموو یەهوودستاندا تەعلیمی دەدا و لە جەلیلیڕا گرتوویە هەتا ئێرە.»
٦و کە پیلاتۆس ئەوەی بیست پرسیاری کرد ئەگەر ئەو پیاوە جەلیلییە.
٧و کە زانی کە لە حیکماتی هێرۆدێسە، ئەوی ناردە کن هێرۆدێس کە بۆخۆشی دەو ڕۆژاندا دە ئورشەلیمیدا بوو.
٨بەڵا هێرۆدێس وەختێکی یەسووعی دی زۆر خۆشحاڵ بوو چونکە لەمێژە حەزی دەکرد کە ئەوی ببینێ لەبەر ئەوەی کە بەحسی وی بیستبوو و بە هومێد دەبوو کە کردنی نیشانەیەکی لە وی ببینێ.
٩و بە زۆر قسان پرسیاری لێ دەکرد، بەڵا ئەو هیچ جوابی بە وی نەدا.
١٠و کاهینانی گەورە و خوێندەواران ڕاوەستابوون و بە توندی گلەیییان لە وی دەکرد.
١١بەڵا هێرۆدێس دەگەڵ عەسکەرانی خۆی ئەوی بێ حورمەت کرد و گەپی پێ دا و جلێکی بریقەدار لە سەری هاویشت و ناردیەوە کن پیلاتووس.
١٢و دەو ڕۆژیدا هێرۆدێس و پیلاتۆس دەگەڵ یەکتری دۆست بوونەوە چونکە لە پێش ئەوەی دەگەڵ یەکتری دە دوژمنێتیدا بوون.
١٣بەڵا پیلاتۆس کاهینانی گەورە و مەزنان و قەومی بانگ کرد.
١٤و بە وانی گوت: «ئەو پیاوەتان هێناوە کن ئەمن وەکوو یەکێکی کە قەومی هەڵدەخەڵەتێنێ و ئەوەتا ئەمن لەبەر چاوی ئەنگۆ سۆراغم کردووە و دەو پیاوەیدا هیچ سوچێکم پەیدا نەکردووە وەکوو ئەنگۆ گلەیی لێ دەکەن.
١٥و نە هێرۆدێسیش. چونکە ئەوی بۆ کن ئەمە ناردووە و ئەوەتا هیچ چتێک لایقی کوشتنی بە وی نەکراوە.
١٦دەنا ئەوی تەمبێ دەکەم و بەرەڵڵای دەکەم.»
١٧بەڵا دە جێژنیدا واجب بوو کە یەکێک بۆ وان بەرەڵڵا بکا.
١٨بەڵا هەموویان پێکەوە قیژاندییان دەیانگوت: «ئەوە هەڵگرە و براباسی بۆ مە بەرەڵڵا بکە.»
١٩ئەوەی کە لەبەر شلوقییەکی کە دە شاریدا بوو و لەبەر قەتڵ دە بەندیخانەی هاویشترابوو.
٢٠بەڵا دیسان پیلاتۆس دەگەڵ ئەوان قسەی کرد، چونکە دەیویست کە یەسووعی بەرەڵڵا بکا.
٢١ئەمما ئەوان قیژاندییان و دەیانگوت: «ئەوی لە سێدارەی بدە، لە سێدارەی بدە!»
٢٢بەڵا جاری سێیەم بە وانی گوت: «بۆچی؟ ئەوە چی خراپەیەکی کردووە؟ هیچ سەبەبی کوشتنی دە ویدا پەیدام نەکردووە، دەنا ئەوی تەمبێ دەکەم و بەرەڵڵای دەکەم.»
٢٣ئەمما ئەوان بە دەنگانی بڵند زۆرییان لێ دەکرد و تەڵەبیان دەکرد کە ئەو لە سێدارەی بدرێ و دەنگانی وان غاڵب بوون.
٢٤و پیلاتۆس حوکمی کرد کە وەکوو تەڵەبی وان ببێ.
٢٥و ئەوی بەرەڵڵا کرد کە لەبەر شلوقی و قەتڵ دە بەندیخانەیدا هاویشترابوو و کە تەڵەبیان دەکرد، بەڵا یەسووعی بە ئیرادەی وان تەسلیم کرد.
٢٦و کە ئەویان دەبرد یەکێک شەمعوونی کوورێنی کە لە زەوی دەهات گرتیان و سێدارەی لەسەر ئەویان دانا کە لەدوای یەسووع هەڵگرێ.
٢٧و جەمعێکی زۆری خەڵکی وەدوای وی دەکەوتن و لە ژنان کە شینیان دەکرد و لەسەر ئەوی دەگریان.
٢٨بەڵا یەسووع بۆ وان وەرگەڕا و کوتی: «ئەی کچانی ئورشەلیمی، لەسەر ئەمن مەگرین ئەمما لەسەر خۆتان و لەسەر منداڵانی خۆتان بگرین.
٢٩چونکە ئەوەتا ڕۆژان دێن کە دە واندا دەڵێن: «خۆزگە بە نەزۆکان و زگان کە نەزاون و مەمکان کە شیریان نەداوە.»
٣٠ئەو دەمی دەست پێ دەکەن کە بە کێوان بڵێن: لەسەر ئەمە بکەون و بە تەپۆلکان ئەمەی داپۆشن.
٣١چونکە ئەگەر ئەو چتانەی بە داری تەڕ دەکەن، بە وشکی چی دەبێ؟»
٣٢و دوو خراپکارانی دیکەش دەگەڵ ئەوی بردران کە بکوژرێن.
٣٣و کە هاتنە ئەو جێی کە کاسەی سەر بانگ دەکرێ لەوێ ئەویان لە سێدارەی دا و ئەو خراپکارانەش یەکێک لەلای ڕاستی و یەکێک لەلای چەپی.
٣٤و یەسووع کوتی: «یا بابە، ئەوانە ببەخشە چونکە نازانن چی دەکەن.» و کە جلی وییان بەش دەکرد پشکانیان لێ هاویشت.
٣٥و خەڵکی ڕاوەستابوون و تەماشایان دەکرد. بەڵا مەزنانیش مەسخەرەیان دەکرد، دەیانگوت: «ئی دیکانەی خەڵاس کردووە، با خۆی خەڵاس بکا ئەگەر ئەو مەسیحەی خوڵای، ئەو هەڵبژێراوە ببێ.»
٣٦و عەسکەرانیش گەپیان پێ دەدا بە وی کە دەهاتنە پێشی و سرکەیان بە وی دەدا.
٣٧و دەیانگوت: «ئەگەر ئەتۆ پادشای یەهوودیانی، خۆت خەڵاس بکە.»
٣٨و سەرنامەیەکیش لە بەرەژووری وی هەبوو: ئەوەیە پادشای یەهوودییان.
٣٩و یەکێک لەو خراپکارانەی کە هەڵ ئاوەسرابوون کفری پێ دەکرد، «ئەرێ ئەتۆ مەسیح نی؟ خۆت و ئەمە خەڵاس بکە.»
٤٠بەڵا ئەوی دیکە جوابی دا، زەممی لێ کرد و کوتی: «ئەرێ ئەتۆ لە خوڵاش ناترسێی کە هەر دەو عازابیدای؟
٤١و ئەمە بێ شک، بە حەقە، چونکە وەکوو عەمەلانی خۆمان حەقی وەردەگرین، بەڵا ئەوە هیچ چتێکی بێ قایدەی نەکردووە.»
٤٢و کوتی: «یا یەسووع، ئەمن وەبیرت بێنە وەختێکی دە پادشایەتی خۆتدا بێی.»
٤٣و ئەو بە وی گوت: «ڕاستی بە تۆ دەڵێم، ئەوڕۆ دەگەڵ ئەمن دە فیردۆسدا دەبی.»
٤٤و ئەلان نیزیکی سەعاتی شەشەم بوو و تاریکایی لەسەر هەموو ئەرزێ بوو هەتا سەعاتی نۆیەم.
٤٥چونکە ڕۆژ تاریک بوو و پەردەی هەیکەلی دە نێوەڕاستیدا لەت بوو.
٤٦و یەسووع بە دەنگێکی بڵند قیژاندی و کوتی: «یا بابە، ڕوحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم.» و کە ئەوەی گوت، ڕوحی تەسلیم کرد.
٤٧و کە یوزباشی دیتی ئەو چتەی کە بوو، شوکری خوڵای کرد، دەیگوت: «بەڕاستی ئەو پیاوە سادق بوو.»
٤٨و هەموو خەڵکی کە بۆ ئەو تەماشایی خڕ بوونەوە، وەختێکی دیتیان ئەو چتانەی کە بوون، لە سینگانیان دا و گەڕانەوە.
٤٩بەڵا هەموو ئاشنایانی وی و ژنان کە دەگەڵ ئەوی لە جەلیلی هاتبوون لە دوورەوە ڕاوەستابوون و تەماشای ئەو چتانەیان دەکرد.
٥٠و ئەوەتا پیاوێک نێوی یوسف کە موشیر بوو، پیاوێکی چاک و عاقڵ.
٥١ئەو بە تەگبیر و عەمەلی وان ڕازی نەدەبوو، لە ئەریماتییە شارێکی یەهوودیان و کە چاوەنۆڕی پادشایەتی خوڵای بوو.
٥٢ئەوە چوو کن پیلاتۆس و مەیتی یەسووعی تەڵەب کرد.
٥٣و هێنایە خوارێ و ئەوی بە کەتانی پێچاوە و دە قەبرێکی هەڵقەندراوی نا کە دە وێدا قەت هیچکەس دانەندرابوو.
٥٤و ڕۆژی تەدارەک بوو و شەمۆ نیزیک دەبوو.
٥٥و ئەو ژنانەی کە دەگەڵ ئەوی لە جەلیلی هاتبوون، وەدوای کەوتن و قەبرەکەیان دی و چلۆن مەیتی وی داندرا.
٥٦و کە گەڕانەوە، عەتران و ڕۆنانی خۆشبۆنیان حازر کرد و دە شەمۆیدا موافقی حوکم ڕحەت بوون.