١بەڵا یەسووع پڕ لە ڕوحولقدوس لە ئوردنی گەڕاوە و بە ڕوح دە چۆڵیدا بردرا.
٢و چل ڕۆژان لە شەیتان تەجرەبە دەکرا و دەو ڕۆژاندا چتێکی نەخوارد. و کە ئەوان خەڵاس بوون، برسی بوو.
٣و شەیتان بە وی گوت: «ئەگەر ئەتۆ کوڕی خوڵای، بڵێ بە ئەو بەردەی کە ببێ بە نان.»
٤و یەسووع بە وی جوابی دا: «نووسراوە کە ئینسان نە تەنیا بە نان دەژی بەڵا بە هەر قسەیەکی خوڵای.»
٥و کە ئەوی بردە سەر کێوێکی بڵند هەموو پادشایەتانی دنیای بە لەحزەیەکی بە وی نیشان دا.
٦و شەیتان بە وی گوت: «هەموو ئەو حیکماتەی و جەلالەی ئەوانە بە تۆ دەدەم، چونکە بە من تەسلیم بووە و بە هەر کەسێکی کە دەمەوێ دەیدەم.
٧دەنا ئەگەر ئەتۆ لە پێش ئەمن سجدەی بکەی، هەموو ئی تو دەبێ.»
٨و یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «نووسراوە دەبێ ڕەب خوڵای خۆت سجدەی بکەی و تەنیا بە وی عیبادەت بکەی.»
٩و ئەوی بۆ ئورشەلیمی برد و لەسەر قوببەی هەیکەلی دانا و بە وی گوت: «ئەگەر ئەتۆ کوڕی خوڵای، خۆت لە ئێرە باوێژە خوارێ.
١٠چونکە نووسراوە کە بە مەلایکەتانی خۆی دەرحەقی تۆ ئەمر دەکا کە ڕاتبگرن.
١١و ئەتۆ لەسەر دەستان هەڵدەگرن نەبا پێی تۆ وە بەردێکی بکەوێ.»
١٢و یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «کوتراوە ڕەب خوڵای خۆت تەجرەبە مەکە.»
١٣و کە شەیتان هەموو تەجرەبەی خەڵاس کردبوو، هەتا وەختێکی لە کن ئەوی لاچوو.
١٤و یەسووع بە قووەتی ڕوح بۆ جەلیلی گەڕاوە. و خەبەری بەحسی وی دە هەموو وڵاتی دەورەندەور وەدەر کەوت.
١٥و ئەو دە کەنێشتانی واندا تەعلیمی دەدا و لە هەمووان تەعریف دەکرا.
١٦و هاتە ناسرەی لە کوێ کە گەورە ببوو و وەکوو عادەتی خۆی دە ڕۆژی شەمۆیدا وەژوور کەنێشتی کەوت و هەڵستا کە بخوێنێ.
١٧و کتێبی ئەشعییا پێغەمبەر بە وی درا و کە ئەو کتێبەی ئاواڵە کرد ئەو جێیەی پەیدا کرد کە لەوی نووسرابوو.
١٨«ڕوحی ڕەب لەسەر ئەمنە، چونکە ئەمنی مەسیح کردووە کە مزگێنی بە فەقیران بدەم. ئەمنی ناردووە کە بە دڵشکاوان شەفا بدەم، کە ئازادی بۆ یەخسیران و دیتنێ بۆ کوێران وەعز بکەم. کە زوڵم لێکراوان دە ئازادی بنێرم.
١٩و کە ساڵی مەقبولی ڕەب وەعز بکەم.»
٢٠و کتێبەکەی پێچاوە، دای بە خزمەتکاری و ڕۆنیشت و چاوی هەمووان دە کەنێشتیدا لەسەر ئەوی دروا بوون.
٢١و دەستی پێ کرد کە بە وان بڵێ، ئەوڕۆ ئەو نووسینەی دە گوێیانوو تەواو بووە.
٢٢و هەمووان شایەدی بۆ وییان دەدا و لە قسانی ڕەحم کە لە زاری وی وەدەر دەکەوتن عەجایب دەمان. و کوتیان: «ئەرێ ئەوە کوڕی یوسف نییە؟»
٢٣و بە وانی گوت: «هەڵبەتە ئەنگۆ ئەو مەسەلەی بە من دەڵێن: ئەی حەکیم، خۆت ساغ بکەوە. هەر چی کە بیستوومانە کە دە کەفەرناحومیدا بووە لێرەش دە وەتەنی خۆت بکە.»
٢٤و کوتی: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە هیچ پێغەمبەر دە وەتەنی خۆیدا مەقبوول نییە.
٢٥بەڵا بە ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: زۆر بێوەژنان دە ئیسرائیلیدا هەبوون دە ڕۆژانی ئەلیاسدا وەختێکی ئاسمان سێ ساڵ و شەش مانگ بەسترا وەها کە قاتییەکی گەورە لەسەر هەموو ئەرزێ پەیدا بوو.
٢٦و ئەلیاس بۆ کن هیچیان نەناردرا بێجگە بۆ کن بێوەژنێکی دە سەرێفتی سیدونیدا.
٢٧و زۆر گولان دە ئیسرائیلدا هەبوون دە وەختی ئەلیشع پێغەمبەردا و هیچ یەک لەوان پاک نەکرا بێجگە لە نوعمان سۆریانی.
٢٨و هەمووان دە کەنێشتیدا وەختێکی ئەوانەیان بیست پڕ لە ڕق بوون.
٢٩و هەڵستان ئەویان لە شاری وەدەر خست و هەتا قەراغی ئەو کێوەی کە شاری وان لەسەری دروست کرابوو، ئەویان برد، هەتاکوو بیاوێژنە خوارێ.
٣٠بەڵا ئەو لەنێو وان ڕابرد و ڕۆیی.
٣١و هاتە خوارێ بۆ کەفەرناحومی، شارێکی جەلیلی و دە شەمۆیاندا ئەوانی تەعلیم دەدا.
٣٢و لە تەعلیمی وی مات بوون چونکە قسەی وی بە حیکمات بوو.
٣٣و دە کەنێشتیدا پیاوێک هەبوو کە ڕوحی جننی پیسی بوو، و بە دەنگێکی بڵند قیژاندی.
٣٤«ئاخ چمان دەگەڵ تۆ هەیە ئەی یەسووع ناسری، ئەرێ هاتووی کە ئەمە هیلاک بکەی؟ ئەتۆ دەناسم کە کێی، ئەی موقەددەسی خوڵای.»
٣٥و یەسووع هەڕەشەی لێ کرد، دەیگوت: «بێدەنگ بە و لە وی وەدەر بکەوە!» و جن ئەوی دە نێویدا خست و لە وی وەدەر کەوت و بێ زەرەر لێی دانیدەقی نائاشکرا.
٣٦و تەعەجوبی کەوتە سەر هەمووان و دەگەڵ یەکتری قسەیان دەکرد، دەیانگوت: «ئەوە چی قسەیەکە؟ چونکە بە حیکمات و قووەت لەسەر ڕوحانی پیس ئەمر دەکا و دێنە دەرێ.»
٣٧و خەبەر بەحسی وی دە هەموو جێی وڵاتی دەورەندەور کەوت.
٣٨و لە کەنێشتی هەڵستا و وەژوور ماڵی شەمعوونی کەوت. بەڵا خۆی شەمعوون بە نۆبەتێیەکی گران کەوتبوو و تکایان لە وی بۆ وی کرد.
٣٩و لەسەر ئەوی ڕاوەستا و هەڕەشەی لە نۆبەتێ کرد و بەری دا و جێبەجێ هەڵستا و خزمەتی وانی کرد.
٤٠و کە ڕۆژ ئاوا دەبوو هەموو ئەوانەی کە نەخۆشانیان هەبوو بە دەردانی جوێ جوێ ئەوانیان هێنا کن ئەوی و دەستانی لەسەر هەر یەک لە وان دانا و ئەوانی ساغ کردەوه.
٤١و جننانیش لە زۆران دەهاتنە دەرێ، دەیانقیژاند و دەیانگوت: «ئەتۆ کوڕی خوڵای» و کە هەڕەشەی دەکرد نەیدەیێشت کە ئەوان قسان بکەن چونکە دەیان زانی کە ئەو مەسیحە.
٤٢و کە ڕۆژ بوو وەدەر کەوت و چوو جێیەکی چۆل و خەڵکی حەولیان بۆ وی دەدا و هاتن هەتا کن ئەوی و ئەویان ڕادەگرت کە لەکن ئەوان نەڕوا.
٤٣بەڵا ئەو بە وانی گوت: «بۆ من لازمە کە بە شارانی دیکەش پادشایەتی خوڵای مزگێنی بدەم، چونکە بۆ ئەوەی ناردراوم.»
٤٤و دە کەنێشتانی جەلیلێدا وەعزی دەکرد.