١و بوو کە وەختێکی خەڵکی لەسەر ئەوێ خڕ بوونەوە کە گوێ لە کەلامی خوڵای بگرن و ئەو لە کن بەحری جنیسارت ڕاوەستابوو.
٢دوو گەمێیانی دی لە کن بەحری ڕاوەستاو، بەڵا ماسیگران لە وان وەدەر کەوتبوون و تۆڕانیان دەشووشت.
٣و دە یەکێک لەو گەمێیانە کە ئی شەمعوونی بوو وەژوور کەوت و لە وی تەڵەب کرد کە کەمێک لە وشکی دوور بکێشێ و ڕۆنیشت و لە گەمێ جەماعەتانی تەعلیم دەدا.
٤و کە لە قسەکردنی خەڵاس بوو بە شەمعوونی گوت: «لێ خوڕێ بۆ قووڵی و تۆڕانی خۆتان باوێژن بۆ ڕاوێ.»
٥و شەمعوون جوابی دا و کوتی: «ئەی ئاغا دە هەموو شەوێدا زەحمەتمان کێشاوە و هیچمان نەگرتووە، بەڵا بە قسەی تۆ، تۆڕان داوێژم.»
٦و کە ئەوەیان کرد، دەورەی جەمعێکی زۆری ماسیانیان گرت و تۆڕانی وان دەدڕان.
٧و بۆ هاواڵان دە گەمێی دیکەدا ئیشاڕەتیان کرد کە بێن و دەگەڵ ئەوان بکێشن و هاتن و هەر دووک گەمێیان پڕ کرد، وەها کە ئەوان قم دەبوون.
٨و کە شەمعوون پیترۆس دیتی کەوتە بەر چۆکانی یەسووع، دەیگوت: «یا ڕەب لە کن ئەمن وەدەر بکەوە چونکە پیاوێکی گوناحکارم.»
٩چونکە شێواوی ئەوی گرتبوو و هەموو ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون، لە سەر ئەو ڕاوەی ماسییان کە گرتبوویان.
١٠و هەر واش یەعقووب و یوحەننا، کوڕانی زەبدی کە شەریکی شەمعوونی بوون. و یەسووع بە شەمعوونی گوت: «مەترسە، لەوەی پاش ئینسانان دەگری.»
١١و کە گەمێیانیان لەسەر وشکی هێنابوو هەموو چتیان بەجێ هێشت و وەدوای وی کەوتن.
١٢و بوو کە وەختێکی ئەو دە یەکێک لە شاراندا بوو، ئەوەتا پیاوێک پڕ لە گولێتی بوو و کە یەسووعی دی بەسەر ڕوودا کەوت و لێی پاڕاوە، دەیگوت: «یا ڕەب ئەگەر بتەوێ دەتوانی ئەمن پاک بکەیەوە.»
١٣و دەستی درێژ کرد و دەستی لێ دا، دەیگوت: «دەمەوێ، پاک بەوە.» و جێبەجێ گولێتی لەسەر ئەوی لاچوو.
١٤و ئەو حوکمی لێ کرد کە بە هیچکەس نەڵێ، بەڵا بڕۆ خۆت بە کاهین نیشان بدە و ئەو قوربانییەی بەرە بۆ پاکبوونەوەی خۆت چلۆنێکی مووسا ئەمری کردووە بۆ شایەدی لەسەر ئەوان.
١٥بەڵا خەبەری بەحسی وی هەر پتر بڵاو بۆوە و جەماعەتانی زۆر خڕ بوونەوە کە گوێی لێ بگرن و کە لە نەخۆشیانەی خۆیان ساغ ببنەوە.
١٦بەڵا ئەو خۆی وەلای دەکێشا دە چۆڵاندا و دوعای دەکرد.
١٧و بوو دە یەکێک لەو ڕۆژانەدا کە ئەو تەعلیمی دەدا و فریسیان و موعەلیمانی شەریعەت کە لە هەر دێیەکی جەلیلێ و یەهوودییە و ئورشەلیمێ هاتبوون ڕۆنیشتبوون و قووەتی ڕەب دە ویدا بوو بۆ ساغکردنەوەی.
١٨و ئەوەتا چەند کەس، پیاوێکی کە ئیفلیج بوو لەسەر دۆشەگێکیان دەهێنا و دەیانویست کە ئەوی وەژوور بێنن و دە پێش ئەوی دایبنێن.
١٩و کە لەبەر خەڵکی ڕێیان پەیدا نەکرد کە ئەوی وەژوور بێنن؛ وەسەر بانی کەوتن و بە نێو خشتاندا ئەویان دەگەڵ دۆشەگی بۆ نێوی لە پێش یەسووع دایشتە خوارێ.
٢٠و کە باوەڕی وانی دی کوتی: «ئەی پیاو، گوناحانی تۆ، بە تۆ، بەخشراون.»
٢١و خوێندەواران و فریسیان دەستیان پێ کرد کە فکر بکەن، دەیانگوت: «ئەوە کێیە کە کفر دەڵێ؟ کێ دەتوانێ گوناحان ببەخشێ بێجگە لە خوڵای تەنیا؟»
٢٢بەڵا کە یەسووع خەیاڵانی وانی زانی جوابی دا و بە وانی گوت: «دە دڵی خۆتاندا چی فکر دەکەن؟
٢٣کێهە هاسانترە؟ کە بڵێی: گوناحانی تۆ بەخشراون یان کە بڵێی: هەڵستە و بگەڕێ؟
٢٤بەڵا هەتاکوو ئەنگۆ بزانن کە کوڕی ئینسانی حیکماتی هەیە لەسەر ئەرزێ کە گوناحان ببەخشێ، بەو ئیفلیجەی گوت، بۆ تۆ دەڵێم، هەڵستە و دۆشەگی خۆت هەڵگرە و بڕۆ ماڵی خۆت.»
٢٥و جێبەجێ هەڵستا لە پێش ئەوان و ئەو چتەی کە لەسەری کەوتبوو هەڵگرت و چوو ماڵی خۆی و شوکری خوڵای دەکرد.
٢٦و تەعەجوب هەمووانی داگرت و شوکری خوڵایان کرد و لە ترس پڕ بوون، دەیانگوت: «ئەوڕۆ چتانی عەجایبمان دیوە.»
٢٧و لە پاش ئەو چتانە وەدەر کەوت و ڕادارێکی دی کە نێوی لاوی بوو، لە کن گومروگی ڕۆنیشتبوو و بە وی گوت: «وەدوای من بکەوە.»
٢٨و هەموو چتی بەجێ هێشت، هەڵستا و وەدوای وی کەوت.
٢٩و لاوی میمانییەکی گەورەی دە ماڵی خۆیدا بۆ وی کرد و جەمعێکی زۆری ڕاداران و ئی دیکانە دەگەڵ ئەوان لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوون.
٣٠و فریسیان و خوێندەوارانی وان لەسەر شاگردانی وی بۆڵەبۆڵیان دەکرد، دەیانگوت: «لەبەر چی دەگەڵ ڕاداران و گوناحکاران دەخۆن و دەخۆنەوە؟»
٣١یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: «ساغان ئیحتیاجی حەکیمیان نییە بەڵا نەخۆشان.
٣٢نەهاتووم کە سادقان بۆ تۆبەی بانگ بکەم، بەڵا گوناحکاران.»
٣٣و ئەوان بە وییان گوت: «شاگردانی یوحەننا زۆر جاران ڕۆژوو دەگرن و دوعا دەکەن، هەر واش ئی فریسیان، بەڵا ئی تو دەخۆن و دەخۆنەوە.»
٣٤و یەسووع بە وانی گوت: «ئەرێ ئەنگۆ دەتوانن بکەن کە خەڵکی داوەتێ ڕۆژوو بگرن، وەختێکی زاوا دەگەڵ ئەوانە؟
٣٥بەڵا ڕۆژان دێن کە زاوا لە وان دەستێندرێ و ئەو وەختی دەو ڕۆژاندا بە ڕۆژوو دەبن.»
٣٦و مەسەلێکی بە وان گوت کە هیچکەس پەڕۆیەکی لە جلی تازە نادڕێ و لە جلێکی کۆنی بدا، ئەگەر نە، ئەو تازەش دەدڕێ و پینەی لەو تازەی دە کۆنەیدا جێ ناگرێ.
٣٧و هیچکەس شەڕاپی تازە دە مەشکانی کۆن تێ ناکا، ئەگەر نە، شەڕاپی تازە مەشکان دەقەڵەشێنێ و بۆ خۆی دەڕژێ و مەشکان زایە دەبن.
٣٨بەڵا شەڕاپی تازە دە مەشکانی تازە تێ دەکرێ و هەردووکیان ڕادەگیرێن.
٣٩و هیچکەس کە شەڕاپی کۆنی خواردبێتەوە، ئی تازەی ناوێ، چونکە دەڵێ، ئەو کۆنە چاترە.