١و مەسەلێکی بۆ وان دەهێنا لەسەر ئەوەی کە لازمە کە هەمیشە دوعا بکەن و عاجز نەبن.
٢دەیگوت: «دە شارێکیدا قازییەک هەبوو کە لە خوڵای نەدەترسا و لە ئینسانی شەرمی نەدەکرد.
٣و بێوەژنێک دەو شارەیدا هەبوو و دەهاتە کن ئەوی دەیگوت: «حەققم بۆ بستێنە لە موددەعی خۆم.»
٤و هەتا زەمانێکی زۆر نەیدەویست، بەڵا لە پاشان دە خۆیدا کوتی: «هەر چەند لە خوڵای ناترسم و لە ئینسانێ شەرمی ناکەم.
٥دیسان چونکە ئەو بێوەژنە زەحمەتم دەدا، حەققی بۆ دەستێنم، نەبا دە ئاخرێدا بێ و لێم بدا.»
٦و ڕەب کوتی: «ببیێن کە ئەو قازیی ناحەق چی دەڵێ.»
٧بەڵا مەگەر خوڵا حەقی هەڵبژێراوانی خۆی کە شەو و ڕۆژ لە وی دەپاڕێنەوە ناستێنێ؟ و مەگەر دەگەڵ ئەوان درەنگی دەکا؟
٨بە ئەنگۆ دەڵێم کە حەقی وان بە زوویی دەستێنێ. بەڵا وەختێکی کوڕی ئینسانی دێ مەگەر ئیمان لەسەر ئەرزێ پەیدا دەکا؟»
٩بەڵا بە هێندێکان کە هومێدیان لەسەر خۆیان دانا کە سادق بوون و ئی دیکانیان بە سووکی دەژمارد، ئەو مەسەلەی گوت:
١٠دوو کەس بۆ هەیکەلی وەسەر کەوتن کە دوعا بکەن. یەکێک فریسی بوو و ئەوی دیکە ڕادار.
١١فریسییەکە ڕاوەستا و دەگەڵ خۆی وەها دوعای دەکرد: «یا خوڵا، شوکری تۆ دەکەم کە وەکوو ئینسانانی دیکە نیم. جەردان، ناحەقان، زیناحکاران، یان وەکوو ئەو ڕادارەش.
١٢حەوتووی دوو جار ڕۆژوو دەگرم، لە هەموو چتی کە قازانج دەکەم، دە یەک دەدەم.»
١٣ئەمما ڕادار کە لە دوورەوە ڕاوەستا و نەیدەویست چاوانیشی بۆ ئاسمان هەڵێنێ، بەڵا لە سنگی خۆی دا، دەیگوت: «یا خوڵا بە منی گوناحکار ڕەحمێ بکە.»
١٤بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەوە سادق کرا و بۆ ماڵی خۆی وەخوار چوو پتر لە ئەوەی دیکە. چونکە هەر کەس کە خۆی بڵند بکا، نێوی دەکرێ و ئەوەی کە خۆی نەوی بکا بڵند دەکرێ.
١٥و تفلانیشیان هێنا کن ئەوی کە دەستی لە وان بدا، بەڵا وەختێکی شاگردان دیتیان لە وان توند بوون.
١٦بەڵا یەسوع ئەوانی بانگ کرد، دەیگوت: «لە منداڵان گەڕێن کە بێنە کن ئەمن و مەنعیان مەکەن چونکە پادشایەتی خوڵای ئی ئەو تەرزانەیە.
١٧ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر کەس کە وەکوو منداڵێک پادشایەتی خوڵای قەبوڵ نەکا قەت وەژوور ئەوێ ناکەوێ.»
١٨و یەکێک لە مەزنان پرسیاری لێ کرد، دەیگوت: «ئەی مامۆستای چاک، چی بکەم کە ژیانی ئەبەدی میرات بگرم؟»
١٩بەڵا یەسووع بە وی گوت: «بۆچی بە من دەڵێی چاک؟ هیچکەس چاک نییە بێجگە لە یەکێک یەعنی خوڵا.
٢٠حوکمان دەزانی، زیناحێ مەکە، قەتڵێ مەکە، دزی مەکە، شایەدی بە درۆ مەدە، حورمەتی باب و دایکی خۆت بگرە.»
٢١و ئەو کوتی: «ئەوانەم هەموو لە جحێڵییەوە ڕاگرتووە.»
٢٢بەڵا وەختێکی یەسووع بیستی، بە وی گوت: «هێشتا چتێکت کەمە. هەر چی کە هەتە بفرۆشە و بە فەقیرانی بدە و خەزێنەیەکت دە ئاسماندا دەبێ و وەرە وەدوای من بکەوە.»
٢٣ئەمما وەختێکی ئەوەی بیست، زۆر خەمناک بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو.
٢٤بەڵا وەختێکی یەسووع ئەوی دی، کوتی: «چەند زەحمەتە بۆ وان کە دەوڵەتیان هەیە کە وەژوور پادشایەتی خوڵای بکەون.
٢٥چونکە هاسانترە کە وشترێک بە کونی دەرزی تێوە بچێ لە وەی کە دەوڵەمەندێک وەژوور پادشایەتی خوڵای بکەوێ.»
٢٦و ئەوانەی کە بیستیان کوتیان: «دەنا کێ دەتوانێ خەڵاس ببێ؟»
٢٧بەڵا ئەو کوتی: «ئەو چتانەی کە لە کن خەڵکی نامومکینە لە کن خوڵای مومکینە.»
٢٨و پیترۆس کوتی: «ئەوەتا ئەمە چتی خۆمان بەجێ هێشتووە و وەدوای تۆ کەوتووین.»
٢٩بەڵا ئەو بە وانی گوت: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هیچکەس لەبەر خاتری پادشایەتی خوڵای بەجێی نەهێشتووە ماڵ یان ژن یان برایان یان والیدەین یان ئەولاد.
٣٠کە زۆر جار ئەوەندەوە وەرنەگرێ و دەو دنیایەی کە دێ ژیانی ئەبەدی.»
٣١بەڵا ئەو دوازدانەی هەڵگرت و بە وانی گوت: «ئەوەتا وەسەر دەکەوین بۆ ئورشەلیمی و هەموو چتانی کە بە پێغەمبەران دەرحەقی کوڕی ئینسانی نووسراون تەواو دەبن.
٣٢چونکە بە بتپەرستان تەسلیم دەکرێ و گەپی پێ دەدرێ و بێ حورمەت و تفی لێ دەکرێ.
٣٣و کە قامچییان لێ داوە، دەیکوژن و دە ڕۆژی سێیەمدا هەڵدەستێتەوە.»
٣٤و ئەوان هیچ چتێک لەو چتانەی نەیانفامی و ئەو قسە لە وان شاردراو بۆوە و تێ نەگەیشتن ئەو چتانەی کە کوتران.
٣٥و بوو کە وەختێکی ئەو نیزیکەی یەریحۆ هات، کوێرێک لەسەر ڕێی ڕۆنیشتبوو و سواڵی دەکرد.
٣٦بەڵا وەختێکی بیستی کە غەڵەبایی ڕادەبرد پرسیاری کرد کە ئەوە چییە؟
٣٧و خەبەریان بە وی دا کە یەسووع ناسری ڕادەبرێ.
٣٨و قیژاندی، دەیگوت: «یا یەسووع کوڕی داوود، ڕەحمێ بە من بکە.»
٣٩و ئەوانەی کە دە پێشدا دەچوون لە وی توند بوون کە بێدەنگ بێ. بەڵا ئەو هەر پتر قیژاندی: «یا کوڕی داوود ڕەحمێ بە من بکە.»
٤٠و یەسووع ڕاوەستا و ئەمری کرد کە ئەو بهێندرێتە کن ئەوی. و کە نیزیکی وی بوو لێی پرسی:
٤١«چت دەوێ کە بۆ تۆ بکەم؟» بەڵا ئەو کوتی: «یا ڕەب، کە ببینم.»
٤٢و یەسووع بە وی گوت: «ببینە! ئیمانی تۆ ئەتۆی خەڵاس کردووە.»
٤٣و جێبەجێ دیتی و وەدوای وی کەوت و شوکری خوڵای دەکرد. و هەموو قەوم وەختێکی ئەویان دی حەمدی خوڵایان دەکرد.