کتێبخانەی هیوائینجیلی موقەدەس (مەکری ١٩١٩)

ئینجیلی لۆقا، بابی ٧

کوردیی مەکری، وەرگێڕانی فۆسوم ١٩١٩

١وەختێکی هەموو قسەکانی خۆی دە گوێی قەومیدا خەڵاس کردبوو وەژوور کەفەرناحومێ کەوت.

٢و عەبدێکی یوزباشی کە لە کن ئەوی خۆشەویست بوو، نەخۆش و نیزیکی مردنێ بوو.

٣و کە بەحسی یەسووعی بیست چەند پیرانی یەهوودییانی ناردە کن ئەوی و تکای لێ دەکرد کە بێ و عەبدی وی خەڵاس بکا.

٤و کە ئەوان هاتنە کن یەسووع، زۆر پاڕانەوە، دەیانگوت: «لایقە کە ئەو چتەی بۆ وی بکەی.

٥چونکە میللەتی مەی خۆش دەوێ و ئەو بۆ مە کەنێشتی دروست کردووە.»

٦و یەسووع دەگەڵ ئەوان چوو. بەڵا وەختێکی ئەو ئیدی دوور لە ماڵێ نەبوو، یوزباشی چەند دۆستانی نارد، بە وی دەگوت: «یا ڕەب زەحمەت مەکێشە چونکە ئەمن لایق نیم کە لەبن میچی من وەژوور بکەوی.

٧لەبەر ئەوەش خۆمم لایق حیساب نەکرد کە بێمە کن ئەتۆ. بەڵا قسەیەکی بڵێ و خزمەتکاری من ساغ دەبێتەوە.

٨چونکە ئەمنیش پیاوێکم لە بن حیکمات داندراو و عەسکەران بە دەستی خۆمم هەیە و بە یەکێک دەڵێم، بڕۆ و دەڕوا و بە یەکی دیکە، وەرە و دێ و بە عەبدی خۆم ئەوەی بکە و دەیکا.»

٩بەڵا وەختێکی یەسووع ئەوەی بیست لە وی عەجایب ما و وەرگەڕا بۆ خەڵکی کە وەدوای وی دەکەوتن و کوتی: بە ئەنگۆ دەڵێم: «دە ئیسرائیلیشدا وەها باوەڕێکی گەورەم پەیدا نەکردووە.»

١٠و کە ناردراوان بۆ ماڵێ گەڕانەوە، ئەو عەبدەیان ساغ پەیدا کرد.

١١و بوو کە دە ڕۆژی دیدا، بۆ شارێکی کە نائین بانگ دەکرا، دەچوو و شاگردانی وی و خەڵکێکی زۆر دەگەڵ ئەوی دەچوون.

١٢و کە نیزیکی دەروازەی شاری بوو، ئەوەتا مردووێک دەبردرا بۆ دەرێ، کوڕی تاقانەی دایکی خۆی، و ئەو بێوەژن بوو و زۆر خەڵکی شاری دەگەڵ ئەوی بوون.

١٣و کە ڕەب ئەوی دی، دڵی بۆ وی سووتا و بە وی گوت: «مەگریێ.»

١٤و هاتە پێشێ، دەستی لە تابوتی دا و هەڵگران ڕاوەستان، و کوتی: «ئەی جەوان، بە تۆ دەڵێم هەڵستە!»

١٥و مردووەکە ڕاست ڕۆنیشت و دەستی پێ کرد کە قسان بکا و ئەوی بە دایکی خۆی دا.

١٦و ترس هەمووانی داگرت و شوکری خوڵایان کرد، دەیانگوت: «پێغەمبەرێکی گەورە لەنێو مە هەڵستاوە و خوڵا تەماشای قەومی خۆی کردووە.»

١٧و ئەو خەبەرەی بەحسی وی دە هەموو یەهوودییە و دە هەموو وڵاتی دەورەندەوردا وەدەر کەوت.

١٨و شاگردانی یوحەننا لە هەموو ئەو چتانەی بە وی خەبەریان دا.

١٩و یوحەننا دوو کەس لە شاگردانی خۆی بانگ کرد و ناردیە کن ڕەب دەیگوت: «ئەرێ ئەتۆی ئەوەی کە دێ یان چاوەنۆڕی یەکی دیکە ببین؟»

٢٠و کە ئەو پیاوانە هاتنە کن ئەوی کوتیان: یوحەننا تەعمیددەر ئەمەی ناردووە کن ئەتۆ، دەڵێ: «ئەرێ ئەتۆی ئەوەی کە دێ یان چاوەنۆڕی یەکی دیکە ببین؟»

٢١دەو سەعاتەیدا زۆرانی لە نەخۆشییان و دەردان و ڕوحانی پیس ساغ دەکردەوە و بە زۆر کوێران دیتنی بەخشی.

٢٢و جوابی دا و بە وانی گوت: «بڕۆن و بە یوحەننا خەبەر بدەن لە ئەو چتانەی کە دیوتانە و بیستووتانە: کوێران دەبینن، شەلان دەگەڕێن، گولان پاک دەکرێنەوە، کەڕان دەبیێن، مردووان هەڵدەستێندرێنەوە و بە فەقیران مزگێنی دەدرێ.

٢٣و خۆزگە بە هەر کەسێکی کە لە من هەڵنانگوترێ.»

٢٤و کە ناردراوانی یوحەننا ڕۆیین، دەستی پێ کرد کە بەحسی یوحەننا بۆ خەڵکی بڵێ، بۆ تەماشاکردنی چی بۆ نێو چۆڵی وەدەر کەوتن؟ ئەرێ قامیشێکی کە بە بای دەبزوێ؟

٢٥بەڵا بۆ دیتنی چی وەدەر کەوتن؟ ئەرێ پیاوێکی بە جلی ناسک دەبەرکراو؟ ئەوەتا ئەوانەی کە بە جلی بە شەوقەت و دە عەیشدا دەژین، دە عیمارەتانی پادشایاندان.

٢٦بەڵا بۆ دیتنی چی وەدەر کەوتن، ئەرێ پێغەمبەرێکی؟ بڵێ: بە ئەنگۆ دەڵێم: پتریش لە پێغەمبەرێکی.

٢٧ئەوەیە کە بەحسی وی نووسراوە، ئەوەتا دەنێرمە پێش ڕووی تۆ مەلایکەتی خۆم، ئەوەی کە ڕێک دەخا ڕێی تۆ، پێشی تۆ.

٢٨بە ئەنگۆ دەڵێم: لەنێو ئەولادانی ژنان کەس لە یوحەننا گەورەتر نییە. بەڵا ئەوەی کە پچووکترە دە پادشایەتی خوڵایدا لە ئەوی گەورەترە.

٢٩و هەموو قەومی کە بیستیان و ڕاداران تەسدیقی خوڵایان کرد بە وەی کە بە تەعمیدی یوحەننا تەعمید کران.

٣٠بەڵا فریسیان و شەرعزانان تەگبیری خوڵای دەرحەقی خۆیان بەتاڵیان کرد بە وەی کە لە وی تەعمید نەکران.

٣١دەنا خەڵکی ئەو سلسلەی بە چی بشوبهێنم و بە چی دەشوبهێن؟

٣٢دەشوبهێن بە منداڵان کە دە مەیداناندا ڕۆدەنیشن و بۆ یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن: بۆ ئەنگۆ زوڕنامان لێدا و هەڵنەپەڕین. شینمان کرد و نەگریان.

٣٣چونکە یوحەننا تەعمیددەر هاتووە. نە نانی دەخوا و نە شەڕاب دەخواتەوە و ئەنگۆ دەڵێن: جننی هەیە.

٣٤کوڕی ئینسانی هاتووە، دەخوا و دەخواتەوە و ئەنگۆ دەڵێن: ئەوەتا پیاوێکی زۆرخۆر و شەراپخۆر، دۆستی ڕاداران و گوناحکاران!

٣٥و عەقڵداری لە هەموو منداڵانی خۆی تەسدیق بووە.

٣٦و یەکێک لە فریسیان لێی تەڵەب کرد کە دەگەڵ ئەوی نان بخوا. و وەژوور ماڵی فریسیی کەوت و لەسەر سفرەی ڕۆنیشت.

٣٧و ئەوەتا ژنێکی گوناحکار دەو شارەیدا هەبوو و وەختێکی زانی کە دە ماڵی فریسی لەسەر سفرەی ڕۆنیشت، شووشەیەکی ڕۆنی بۆنخۆشی هێنا.

٣٨و لە پشتەوە، لە کن پێیانی وی ڕاوەستا و دەگریا و دەستی پێ کرد کە پێیانی وی بە فرمێسکان تەڕ بکا. و بە مووی سەری خۆی وشکی دەکردەوە و پێیانی وی ماچ دەکرد و بە ڕۆنی بۆنخۆش چەوری دەکرد.

٣٩بەڵا وەختێکی ئەو فریسییەی کە ئەوی بانگ ئێشتبوو، دیتی، دە خۆیدا قسەی دەکرد و دەیگوت: «ئەوە ئەگەر پێغەمبەر بایە، دەیزانی ئەو ژنەی کە دەستی لێ دەدا کێیە و چلۆنە، چونکە گوناحکارە.»

٤٠و یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «ئەی شەمعوون چتێکم هەیە کە بە تۆ بڵێم.» و ئەو کوتی: «ئەی مامۆستا بڵێ!»

٤١«تەڵەبکارێک دوو قەرزدارانی هەبوو. یەکێک پێنجسەد دینار قەرزدار بوو و ئەوی دیکە پێنجا.

٤٢کە هیچیان نەبوو کە ئەدای بکەن هەر دووکی بەخشی. دەنا کێهە لەوان، ئەوی پتر خۆش دەوێ؟»

٤٣شەمعوون جوابی دا و کوتی: «فکر دەکەم ئەوەی کە پتری پێ بەخشی.» و ئەو بە وی گوت: «ڕاستت حوکم کرد.»

٤٤و کە بۆ ژنەکەی وەرگێڕا، بە شەمعوونی گوت: «ئەرێ ئەو ژنەی دەبینی؟ وەژوور ماڵی تۆ کەوتم. ئاوت بۆ پێیانی من نەدا، بەڵا ئەوە پێیانی من بە فرمێسکانی تەڕ کردووە و بە مووی خۆی وشکی کردووە.

٤٥ماچێکت بە من نەدا، بەڵا ئەوە لەو وەختەی کە وەژوور کەوتم لە ماچکردنی پێیانی من ڕانەوەستاوە.

٤٦سەری من بە ڕۆن چەورت نەکرد، بەڵا ئەوە پێیانی منی بە ڕۆنی بۆنخۆش چەور کردووە.

٤٧لەبەر ئەوەی بە تۆ دەڵێم: گوناحانی زۆری وی بەخشراون، چونکە زۆری خۆش ویست. بەڵا ئەوەی کە کەم دەبەخشێ، کەم خۆش دەوێ.

٤٨و بە وی گوت: گوناحانی تۆ بەخشراون.»

٤٩و ئەوانەی کە دەگەڵی لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوون دەستیان پێ کرد کە دە خۆیاندا بڵێن: «ئەوە کێیە کە گوناحانیش دەبەخشێ؟»

٥٠و بە ژنەکەی گوت: «ئیمانی تۆ، ئەتۆی خەڵاس کردووە، بە سڵامەتی بڕۆ!»

١٢٣٤٥٦٧٨٩١٠١١١٢١٣١٤١٥١٦١٧١٨١٩٢٠٢١٢٢٢٣٢٤
لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە ←
ئینجیلی موقەدەس بە کوردیی مەکری، وەرگێڕانی لودڤیگ فۆسوم ١٩١٩ (American Bible Society / BFBS)، بەردەستە بۆ هەمووان (Public Domain). نووسینەوەی یونیکۆد: Vejîn Books / هۆزان عەزیزی. لە کتێبخانەی هیوا.