کتێبخانەی هیوائینجیلی موقەدەس (مەکری ١٩١٩)

ئینجیلی لۆقا، بابی ٢٠

کوردیی مەکری، وەرگێڕانی فۆسوم ١٩١٩

١و دە یەکێک لەو ڕۆژانەدا بوو کە وەختێکی ئەو دە هەیکەلیدا خەڵکی تەعلیم دەدا و ئینجیلی وەعز دەکرد، کاهینانی گەورە و خوێندەواران دەگەڵ پیران، هاتنە سەرێ.

٢و ئەویان دواند دەیانگوت: «بە مە بڵێ: بە چی حکماتێکی ئەوانە دەکەی یان کێیە کە ئەو حیکماتەی بە تۆ داوە؟»

٣بەڵا جوابی دا و بە وانی گوت: «ئەمنیش قسەیەکی لە ئەنگۆ دەپرسم و بە من بڵێن.

٤ئەرێ تەعمیدی یوحەننا لە ئاسمانێ بوو یان لە ئینسانێ؟»

٥بەڵا ئەوان دە خۆیاندا مەسڵەحەتیان کرد دەیانگوت: «ئەگەر بڵێین لە ئاسمانێ، دەڵێ لەبەر چی بە وی باوەڕوو نەکرد؟

٦و ئەگەر بڵێین لە ئینسانێ، هەموو خەڵکی ئەمە بەردەباران دەکەن، چونکە خاترجەمن کە یوحەننا پێغەمبەر بوو.»

٧و جوابیان دا: «نازانین لە کوێ بوو.»

٨و یەسووع بە وانی گوت: «ئەمنیش بە ئەنگۆ ناڵێم بە چی حیکماتێکی ئەوانە دەکەم.»

٩بەڵا دەستی پێ کرد کە ئەو مەسەلەی بە خەڵکی بڵێ: «پیاوەک ڕەزێکی چەقاند و ئەوی بە ڕەزوانان ئەسپارد و هەتا مودەیەکی زۆر سەفەری کرد.

١٠و دە وەختی خۆیدا خزمەتکارێکی ناردە کن ڕەزوانان هەتاکوو لە حاسڵی ڕەز بە وی بدەن، بەڵا ڕەزوانان ئەویان کوتا و بە بەتاڵی ناردیانەوە.

١١و دیسان خزمەتکارێکی دیکەی نارد، بەڵا ئەوان ئەویشیان کوتا و بێ حورمەتییان کرد و بە بەتاڵی ناردیانەوە.

١٢و دیسان ئی سێیەمی نارد، بەڵا ئەوان ئەویشیان بریندار کرد و وەدەریان خست.

١٣بەڵا ساحیبی ڕەز کوتی: «چی بکەم؟ کوڕی خۆشەویستی خۆم دەنێرم. بەشکم لە وی شەرمێ بکەن.»

١٤بەڵا وەختێکی ئەو ڕەزوانانە ئەویان دی، دەنێو خۆیاندا مەسڵەحەتیان کرد، دەیانگوت: «ئەوە میراتگرە، با بیکوژین هەتاکوو میراتەکە ئی مە ببێ.»

١٥و ئەویان لە ڕەزی خستە دەرێ و کوشتیان. دەنا ساحیبی ڕەز دەگەڵ ئەوان چی دەکا؟

١٦دێ و ئەو ڕەزوانانە هیلاک دەکا و ڕەز بە ئی دیکان دەدا. بەڵا وەختێکی بیستیان کوتیان حاشا.

١٧بەڵا ئەو تەماشای وانی کرد و کوتی: «دەنا ئەوە کە نووسراوە چییە؟ ئەو بەردەی کە بەننایان فڕێیان دا، ئەو بوو بە سەری قولنچکی.»

١٨هەر کەس کە لەسەر ئەو بەردەی بکەوێ دەشکێندرێ بەڵا لەسەر کێ کە ئەو بکەوێ، ئەوی ورد و خاش دەکا.

١٩و خوێندەواران و کاهینانی گەورە دەو سەعاتەیدا تەمایان بوو کە دەستان لەسەر ئەوی باوێژن و لە خەڵکی ترسان، چونکە تێ گەیشتن کە ئەو مەسەلەی دەرحەقی وان گوت.

٢٠و کە لە وی سیاد بوون جاسووسان کە خۆیان بە درۆ سادق دەکرد ناردیان کە قسەی وی بگرن هەتاکوو ئەوی بە قووەت و بە حیکماتی حاکم تەسلیم بکەن.

٢١و لێیان پرسی دەیانگوت: «ئەی مامۆستا، دەزانین کە ڕاست قسان دەکەی و تەعلیم دەدەی و خاتر ناگری، بەڵا بەڕاستی ڕێی خوڵای فێر دەکەی.

٢٢ئەرێ بۆ مە دروستە کە سەرانەی بە قەیسەری بدەین یان نە؟»

٢٣بەڵا دە حیلەی وان گەیشت و بە وانی گوت:

٢٤«دینارێک بە من نیشان بدەن، ئەرێ شکل و خەتتی کێی هەیە؟» و ئەوان کوتیان: «ئی قەیسەری.»

٢٥و ئەو بە وانی گوت: «دەنا چتی ئی قەیسەری بە قەیسەری بدەن و چتی ئی خوڵای بە خوڵای.»

٢٦و نەیاندەتوانی قسەی وی لەکن خەڵکی بگرن و لە جوابی وی عەجایب مان و بێدەنگ بوون.

٢٧بەڵا هێندێک لە سدوقیان کە حاشا دەکەن کە قیامەت هەیە، هاتنە پێشێ و لێیان پرسی.

٢٨دەیانگوت: «ئەی مامۆستا، مووسا بۆ مەی نووسیوە، ئەگەر کەسێک برای بمرێ کە ژنی هەبێ و ئەو بێ ئەولاد بێ، کە برای وی دەبێ ئەو ژنەی بێنێ و تۆی برای خۆی هەڵبستێنێ.

٢٩دەنا حەوت برا هەبوون و ئی هەوەڵ ژنێکی هێنا و بە بێ ئەولادی مرد.

٣٠و ئی دوویەم.

٣١و ئی سێیەم ئەوی هێنا و هەر واش ئەو حەوتانە مردن و ئەولادیان بەجێ نەهێشت.

٣٢و دە ئاخیرێدا ژنەکەش مرد.

٣٣دەنا ئەو ژنە دە قیامەتێدا ژنی کێهە لە وان دەبێ؟ چونکە هەر حەوتان ئەویان ژن ببوو.»

٣٤و یەسووع بە وانی گوت: «ئەهلی ئەو دنیایەی مارە دەکەن و مارە دەکرێن.

٣٥بەڵا ئەوانەی کە لایق حیساب کراون کە ئەو دنیایەی دیکە و قیامەتی لەنێو مردووان وەرگرن، نە مارە دەکەن و نە مارە دەکرێن.

٣٦چونکە ئیدی ناتوانن بمرن، چونکە وەکوو مەلایکەتانن و منداڵانی خوڵان، چونکە منداڵانی قیامەتن.

٣٧ئەمما کە مردووان هەڵستێندرێنەوە مووساش نیشانی داوە لەکن دڕووی وەختێکی بە ڕەب دەڵێ، خوڵای ئیبراهیم و خوڵای ئیسحاق و خوڵای یەعقوب.

٣٨ئەمما ئەو خوڵا ئی مردووان نییە، بەڵا ئی زیندووان. چونکە هەموو بۆ وی دەژین.»

٣٩هێندێک لە خوێندەواران جوابیان دا و کوتیان: «ئەی مامۆستا، چاکت گوت.»

٤٠چونکە ئیدی نەیاندەوێرا چتێکی پرسیاری لێ بکەن.

٤١و ئەو بە وانی گوت: «چلۆن دەڵێن کە مەسیح کوڕی داوودیە؟»

٤٢چونکە داوود بۆخۆی دە کتێبی زەبووردا دەڵێ: «ڕەب بە ڕەببی من کوتی: لەلای ڕاستی من ڕۆنیشە.

٤٣هەتا دوژمنانی تۆ بۆ پێڕاخەری پێیانی تۆ دابنێم.

٤٤دەنا داوود ئەوی بە ڕەب بانگ دەکا و چلۆن کوڕی وییە؟»

٤٥و کە هەموو خەڵکی دەیانبیست، بە شاگردانی گوت:

٤٦هۆشیار بن لە خوێندەواران کە کەیفیان لێیە کە بە جلی درێژ بگەڕێن و پێیان خۆشە سڵاوان دە مەیداناندا و کورسیانی بەرەژوور دە کەنیشتاندا و جێیانی ژوورۆ دە میمانیاندا.

٤٧ئەوانەی کە ماڵانی بێوەژنان قوت دەدەن و بە ڕیای نوێژانی درێژ دەکەن. ئەوانە دیوانی گرانتر وەردەگرن.

١٢٣٤٥٦٧٨٩١٠١١١٢١٣١٤١٥١٦١٧١٨١٩٢٠٢١٢٢٢٣٢٤
لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە ←
ئینجیلی موقەدەس بە کوردیی مەکری، وەرگێڕانی لودڤیگ فۆسوم ١٩١٩ (American Bible Society / BFBS)، بەردەستە بۆ هەمووان (Public Domain). نووسینەوەی یونیکۆد: Vejîn Books / هۆزان عەزیزی. لە کتێبخانەی هیوا.