١و هاتە ژوورێ و بە نێو یەریحۆدا ڕادەبرد.
٢و ئەوەتا پیاوێک هەبوو نێوی زەککی، و ئەوە مەزنی ڕاداران بوو و ئەو دەوڵەمەند بوو.
٣و دەیویست کە یەسووعی ببینێ کە کێهەیە و نەیدەتوانی لەبەر غەڵەبایی، چونکە بە بەژن چکۆلە بوو.
٤و بۆ پێشەوە لنگی دا و وەسەر دارەتویەکی کەوت هەتاکوو ئەوی ببینێ، چونکە دەبا بەو ڕێیدا ڕاببرێ.
٥و کە یەسووع هاتە ئەو جێی تەماشای سەرەوەی کرد و بە وی گوت: «ئەی زەککی، زوو بە و وەرە خوارێ چونکە بۆ من لازمە کە ئەوڕۆ دە ماڵی تودا بمێنم.»
٦و بە زوویی هاتە خوارێ و ئەوی بە خۆشحاڵی قەبوڵ کرد.
٧و کە دیتیان هەموو بۆڵەبۆڵیان دەکرد، دەیانگوت: «کە لە کن پیاوێکی گوناحکار وەژوور کەوت کە مەنزڵ بگرێ.»
٨بەڵا زەککی ڕاوەستا و بە ڕەببی گوت: «ئەوەتا ئەی ڕەب: نیوەی ماڵی خۆم بە فەقیران دەدەم، و ئەگەر بە زوڵم چتێکم لە کەسێکی ئەستاندبێ، چوار هێندە دەدەمەوە.»
٩و یەسووع بە وی گوت: «ئەوڕۆ خەڵاسی بۆ ئەو ماڵەی بووە، چونکە ئەویش کوڕی ئیبراهیمە.
١٠چونکە کوڕی ئینسانی هاتووە کە بۆ ونبووی حەول بدا و خەڵاس بکا.»
١١و کە ئەوان لە ئەو چتانی گوێیان دەگرت مەسەلێکی زیادی گوت، چونکە ئەو نیزیکی ئورشەلیمی بوو و ئەوان فکریان دەکرد کە پادشایەتی خوڵای دەبێ جێبەجێ ئاشکرا ببێ.
١٢دەنا کوتی: «پیاوێکی ئەسڵزادە بۆ وڵاتێکی دوور چوو کە پادشایەتییەکی بۆ خۆی وەرگرێ و بگەڕێتەوه.
١٣و دە عەبدانی خۆی بانگ کرد و دە مەنی بە وان دا و بە وانی گوت: «سوودێ بکەن هەتا دێمەوە.»
١٤بەڵا ڕەعیەتانی وی ئەویان دەبوغزاند و قاسدیان لە دوای وی نارد، دەیانگوت: «نامانەوێ کە ئەوە لەسەر ئەمە پادشایەتی بکا.»
١٥و بوو کە وەختێکی پادشایەتی وەرگرتبۆوە گەڕاوە و کوتی کە ئەو عەبدانەی کە دراوەکی بە وان دابوو بۆ کن ئەوی بانگ بکرێن هەتاکوو بزانی هەر یەک چەند قازانجی کردبوو.
١٦بەڵا ئی هەوەڵ هاتە پێشێ دەیگوت: «ئەی ئاغا مەنی تۆ دە مەنی قازانج کردووە.»
١٧و بە وی گوت: «ئافەرین ئەی عەبدی چاک، چونکە دە چتێکی زۆر کەمدا ئەمین بووی، حکماتت لەسەر دە شاران دەبێ.»
١٨و ئی دوویەم هات دەیگوت: «ئەی ئاغا، مەنی تۆ پێنج مەنی هێنا.»
١٩بە ویشی گوت: «ئەتوش لەسەر پێنج شاران دەبی.»
٢٠و یەکی دیکە هات دەیگوت: «ئەی ئاغا، ئەوەتا مەنی خۆت کە دە دەسماڵێکی داندراو ڕامگرتووە.
٢١چونکە لە تۆ ترسام لەبەر ئەوەی کە پیاوێکی توندی. ئەو چتەی کە داتنەناوە هەڵدەگری و ئەو چتەی کە نەتچاندووە دەیچنی.»
٢٢بە وی گوت: «لە زاری خۆت حوکم لەسەرت دەکەم، ئەی عەبدی خراپ. ئەرێ دەتزانی کە ئەمن پیاوێکی توندم؛ کە ئەو چتەی کە دامنەناوە هەڵدەگرم و ئەو چتەی کە نەمچاندووە دەیچنم.
٢٣دەنا لەبەر چی دراوی من بە سەڕافت نەداوە؟ و ئەمن وەختێکی هاتم ئەوم دەگەڵ سوتی تەڵەب کردبایە.»
٢٤و بە وانەی کە لەکنی ڕاوەستابوون کوتی: «مەنی لێ بستێنن و بدەن بە وەی کە دە مەنی هەیە.»
٢٥و بە وییان گوت: «ئەی ئاغا دە مەنی هەیە.»
٢٦«بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر کەس کە هەیەتی بە وی دەدرێ، بەڵا ئەوەی کە نیەتی ئەوەی کە هەشیەتی لێی دەستێندرێ.
٢٧بەڵا ئەو دوژمنانەی من، ئەوانەی کە نەیاندەویست کە ئەمن لەسەر ئەوان پادشایەتی بکەم بێننە ئێرە و لەبەر چاوی من ئەوان بکوژن.»
٢٨و کە ئەوانەی کوتبوو، لە پێشەوە دەڕۆیی و بۆ ئورشەلیمی وەسەر دەکەوت.
٢٩و بوو کە وەختێکی نیزیکی بەیت فاگی و بەیت عەنیا بوو لەکن ئەو کێوەی کە کێوی زەیتوونی بانگ دەکرێ، دوانی لە شاگردانی نارد.
٣٠دەیگوت: «بڕۆنە ئەو دێیەی کە لە پێشتانە. دە وێدا کە چوونە ژوورێ، جاشکێکی بەستراو پەیدا دەکەن کە هێشتا هیچکەس لەسەر ئەوێ ڕۆنەنیشتووە. ئەوی بکەنەوە و بیهێنن.
٣١و ئەگەر کەسێک لە ئەنگۆ بپرسێ لەبەر چی دەیکەنەوە، وەها بڵێن: چونکە ڕەب موحتاجی وییە.»
٣٢و ناردراوان ڕۆیین و چلۆنێکی بە وانی کوتبوو پەیدایان کرد.
٣٣و کە ئەوان جاشکەکەیان دەکردەوە ساحیبانی وی بە وانیان گوت: «بۆچی ئەو جاشکەی دەکەنەوە؟»
٣٤بەڵا ئەوان کوتیان: «چونکە ڕەب موحتاجی وییە.»
٣٥و ئەویان هێنا کن یەسووع و جلی خۆیان هاویشتە سەر جاشکەکەی و یەسووعیان سوار کرد.
٣٦و کە ئەو دەچوو؛ جلی خۆیان دە ڕێیدا ڕادەخست.
٣٧بەڵا وەختێکی نیزیکی بەرەژێری کێوی زەیتوونی بوو، هەموو جەماعەتی شاگردان بە خۆشحاڵی دەستیان پێ کرد کە بە دەنگێکی بڵند شوکری خوڵای بکەن، بۆ هەموو ئەو قووەتانەی کە دیبوویان.
٣٨دەیانگوت: «ممبارەک بێ ئەو پادشای کە بە نێوی ڕەب دێ. دە ئاسماندا سەلام و دە بڵنداندا جەلال.»
٣٩و هێندێک لە فریسییان لەو غەڵەباییەی بە وییان گوت: ئەی مامۆستا، شاگردانی خۆت زەم بکە.
٤٠و جوابی دا و کوتی: «بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەگەر ئەوانە بێدەنگ بن، بەردان دەقیژێنن.»
٤١و کە نیزیک بوو و شاری دی، لەسەر ئەوێ گریا.
٤٢و کوتی: ئەگەر بزانیبای ئەتۆش هێشتا دەو ڕۆژێدا ئەو چتانی سەلامەتی خۆت، بەڵا ئەوێستا لەبەر چاوانی تۆ شاردراون.
٤٣چونکە ڕۆژان لەسەر ئەتۆ دێن کە دوژمنانی تۆ لە دەوری تۆ سەنگەرێکی هەڵدەکەنن و دەورەندەوری تۆ دەگرن و لە هەموو لایێکی ئەزیەتت دەدەن.
٤٤و ئەتۆ دەگەڵ خاکی ڕێک دەخەن و منداڵانت دە تۆدا و بەرد لەسەر بەرد دە تۆدا نایەڵن. لەبەر ئەوەی کە زەمانی توش بوونی خۆتت نەزانیوە.
٤٥و کە وەژوور هەیکەلی کەوت، دەستی پێ کرد کە ئەوانە دەر بکا کە دەیانفرۆت.
٤٦بە وانی گوت: «نووسراوە کە ماڵی من دەبێ ماڵی نوێژ ببێ، بەڵا ئەنگۆ ئەوو کردۆتە ئەشکەوتی جەردان.
٤٧و هەموو ڕۆژ دە هەیکەلیدا تەعلیمی دەدا، بەڵا کاهینانی گەورە و خوێندەواران و موحتەبەرانی قەومی حەولیان دەدا کە ئەوی هیلاک بکەن.»
٤٨و پەیدایان نەدەکرد کە چی بکەن، چونکە جەمعی قەومی لەسەر ئەوی هەڵئاوەسرابوون کە گوێی لێ بگرن.