١بەڵا هەموو ڕاداران و گوناحکاران نیزیکی وی دەبوون کە گوێی لێ بگرن.
٢و فریسییان و خوێندەواران بۆڵەبۆڵیان دەکرد، دەیانگوت: «ئەوە گوناحکاران قەبوڵ دەکا و دەگەڵ ئەوان دەخوا.»
٣بەڵا ئەو مەسەلی بۆ وان دەهێنا، دەیگوت:
٤«کێهە کەس لە ئەنگۆ کە سەد مەڕی هەبێ و یەکێک لە وان ون بکا، ئەو نەوەت و نۆی دە چۆڵیدا بەجێ نایەڵێ و لە دوای ئەوەی کە ون بووە ناچێ، هەتا ئەوی پەیدا بکا؟
٥و کە پەیدای کردەوە بە خۆشحاڵی لەسەر شانانی خۆی دادەنێ.
٦و کە دێتە ماڵێ، دۆستان و جیرانان بانگ دەکا و بە وان دەڵێ: دەگەڵ ئەمن خۆشحاڵ بن، چونکە مەڕی خۆم کە ون بوو، پەیدام کردووە.
٧بە ئەنگۆ دەڵێم: کە هەر واش دە ئاسماندا خۆشحاڵی دەبێ لەسەر یەک گوناحکار کە تۆبە دەکا، پتر لە لەسەر نەوەت و نۆ سادقان کە موحتاجی تۆبەی نین.
٨یان کێهە ژن کە دە درهەمی هەبێ ئەگەر یەک درهەم ون بکا چرای هەڵ ناکا و ماڵی گەسک لێ نادا و بە وردی لێی ناگەڕێ هەتا ئەوی پەیدا بکا؟
٩و کە پەیدای کردەوە، دۆستان و جیرانان بانگ دەکا و دەڵێ: «دەگەڵ ئەمن خۆشحاڵ بن، چونکە ئەو درهەمەی کە ونم کردبوو، پەیدام کردەوە.»
١٠بە ئەنگۆ دەڵێم: کە هەروەها دە پێش مەلایکەتانی خوڵایدا خۆشحاڵی دەبێ، لەسەر یەک گوناحکار کە تۆبە دەکا.
١١و کوتی: پیاوێک دوو کوڕی هەبوو.
١٢و ئەو چکۆلەتری وان بە بابی گوت: «ئەی بابە، ئەو بەشەی ماڵێ کە بۆ من دەکەوێ بە من بدە!» و ماڵی بۆ وان بەش کرد.
١٣و چەند ڕۆژان لە پاش ئەوەی ئەو کوڕی چکۆلەتر هەموو چتی خڕ کرد و بۆ وڵاتێکی دوور چوو و لەوێ ماڵی خۆی بە لوتیگەری خەسار کرد.
١٤بەڵا وەختێکی ئەو هەموو چتی فەوتاندبوو، قاتییەکی گەورە دەو وڵاتەیدا پەیدا بوو و ئەو دەستی پێ کرد کە محتاج ببێ.
١٥و چوو خۆی بە یەکێک لە ئەهلی ئەو وڵاتەی چەسپاند و ئەو ئەوی ناردە زەویانی خۆی کە بەرازان بلەوەڕێنێ.
١٦و ئارەزووی دەکرد کە زگی خۆی پڕ بکا لە خڕنۆکانی کە بەرازان دەیانخوارد و کەس بە وی نەدەدا.
١٧بەڵا وەختێکی لەسەر خۆی هات، کوتی: «چەند کرێکارانی بابی من نانی زیادیان هەیە بەڵا ئەمن لێرە لە برسان هیلاک دەبم.»
١٨هەڵدەستم و دەچمە کن بابی خۆم و بە وی دەڵێم: «ئەی بابە، گوناحم کردووە لەسەر ئاسمان و دە پێشتی تو.
١٩ئیدی لایق نیم کە کوڕی تو بانگ بکرێم، ئەمن وەکوو یەکێک لە کرێکارانی خۆت بکە.»
٢٠و هەڵستا و هاتە کن بابی خۆی. بەڵا وەختێکی ئەو هێشتا دوور بوو، بابی وی دیتی و دڵی سووتا و لنگی دا و کەوتە سەر ئەستۆی وی و زۆری ماچ کرد.
٢١و کوڕەکە بە وی گوت: «ئەی بابە، گوناحم کردووە لەسەر ئاسمان و دە پێشی تو، ئیدی لایق نیم کە کوڕی تو بانگ بکرێم.»
٢٢بەڵا بابەکە بە خزمەتکارانی خۆی گوت: «جلی لە هەمووان چاتر زوو دەرێنن و دەبەر ئەوی بکەن و ئەنگوستیلێکی دە دەستی وی بکەن و کەوشان دە پێیانی.
٢٣و جوانەگای قەڵەو بێنن، سەری ببڕن و با بخۆین ۆ کەیفخۆش ببین.
٢٤چونکە ئەو کوڕەی من مردوو بوو و زیندوو بۆوە، ون بوو و پەیدا بۆوە». و دەستیان پێ کرد کە کەیفخۆش ببن.
٢٥بەڵا کوڕی گەورەی وی دە زەوییدا بوو، و کە نیزیکی ماڵێ دەهات، دەنگی بەزم و سەمای بیست.
٢٦و یەکێک لە نۆکەرانی بانگ کرد و پرسیاری کرد کە ئەو چتە چی بێ.
٢٧و ئەو بە وی گوت: «کە برای تۆ هاتەوە و بابی تۆ جوانەگای قەڵەوی سەر بڕیوە، لەبەر ئەوەی کە ئەوی بە ساغ و سڵامەتی وەرگرتەوە.»
٢٨و ڕقی هەستا و نەیویست کە وەژوور بکەوێ، بەڵا بابی وی وەدەر کەوت و لێی پاڕاوە.
٢٩بەڵا ئەو جوابی دا و بە بابی گوت: «ئەوەتا چەند ساڵ خزمەتی تۆ دەکەم، و قەت لە ئەمری تۆ دەر نەکەوتووم و قەت کاریلێکت بە من نەداوە، هەتاکوو دەگەڵ دۆستانی خۆم کەیفخۆشی بکەم.
٣٠ئەمما وەختێکی ئەو کوڕەی تۆ هات کە ماڵی تۆی دەگەڵ قاحبان خواردووە، جوانەگای قەڵەو بۆ ویت سەر بڕیوە.»
٣١بەڵا ئەو بە وی گوت: «ئەی ڕۆڵە، ئەتۆ هەمیشە دەگەڵ ئەمنی و هەموو چتی من ئی تۆیە.
٣٢ئەمما کەیفخۆشکردن و خۆشحاڵبوونی لازیمە چونکە ئەو برای تۆ مردوو بوو و زیندوو بۆوە و ون بوو و پەیدا بۆوە.»