١دەو وەختەیدا یەسووع دە ڕۆژی شەمۆیدا بە نێو زەوییاندا ڕادەبرد و شاگردانی وی برسی بوون و دەستیان پێ کرد کە گوڵ بچنن و کە بیخۆن.
٢بەڵا وەختێکی فەریسیان ئەویان دی، بە وییان گوت: «ئەوەتا شاگردانی تۆ ئەوەی دەکەن کە کردنی وی دە شەمۆیدا دروست نییە.»
٣بەڵا ئەو بە وانی گوت: «ئەرێ نەتانخوێندووە داوود چی کرد وەختێکی برسی بوو و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون؟
٤چلۆن وەژوور ماڵی خوڵای کەوت و نانی ڕابواردنی خوارد، ئەوەی کە بۆ وی حەلال نەبوو کە بخوا، و نە بۆ ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون، مەگەر تەنیا بۆ کاهینان.
٥یان ئەرێ دە شەریعەتدا نەتانخوێندووە کە دە شەمۆیدا کاهینان دە هەیکەلیدا شەمۆی دەشکێنن و بێ گوناحن؟
٦بەڵا بە ئەنگۆ دەڵێم: کە لێرە گەورەترێک لە هەیکەلی هەیە.
٧بەڵا ئەگەر بتانزانیبایە ئەوە چییە، «ڕووحمم دەوێ و نە قوربانی» بێ گوناحانوو گوناحکار نەدەکرد.
٨چونکە کوڕی ئینسانی ڕەببی شەمۆیە.»
٩و لە ئەوێ وەدەر کەوت و چوو نێو کەنێشتی وان.
١٠ئەوەتا پیاوێک هەبوو کە دەستێکی وشکی بوو، و لە وییان پرسی دەیانگوت: «ئەرێ دە شەمۆیاندا ساغکردنەوەی دروستە؟» هەتاکوو گلەیی لێ بکەن.
١١بەڵا ئەو بە وانی گوت: «کێهە کەس لە ئەنگۆ کە مەڕێکی هەبێ و ئەگەر دە شەمۆی دە چاڵێکیدا بکەوێ ئەرێ ئەوی ناگرێ و دەریناکێشێ؟
١٢دەنا ئینسان لە مەڕ چەند زیاترە، کە وایە دە شەمۆیدا چاکەکردن دروستە.»
١٣ئەو وەختی بەو پیاوەی گوت: «دەستی خۆت درێژ بکە»، و درێژی کرد و ساغ بۆوە وەکوو ئەوی دیکە.
١٤بەڵا فەریسیان وەدەر کەوتن و زیددی وی تەگبیریان کرد کە چلۆن ئەوی هیلاک بکەن.
١٥بەڵا کە یەسووع ئەوەی زانی خۆی لە ئەوێ وەلا کێشا و زۆران وەدوای وی کەوتن و هەموویانی ساغ کردەوە.
١٦و بە قایمی بە وانی ئەسپارد کە ئەوی ئاشکرا نەکەن.
١٧هەتاکوو تەواو ببێ ئەو چتەی کە کوتراوە بە دەستی ئەشعییا پێغەمبەر کە دەڵێ:
١٨«ئەوەتا عەبدی من کە هەڵمبژاردووە، ئەوە خۆشەویستی من کە گیانم لێی خۆشحاڵە. ڕوحی خۆم لەسەر ئەوی دادەنێم و حوکمی بۆ تایفان خەبەر دەدا.
١٩ئەو شەڕێ ناکا و نە دەقیژێنێ و کەسێک دەنگی وی دە کوچاندا نابیێ.
٢٠قامیشی کوشراو ناشکێنێ و پڵیتی دووکەڵکەر ناکوژێنێتەوە، هەتا حوکمێ بۆ غەڵەبەی دەرنێنێ.
٢١و بە نێوی وی تایفان هومێد دەکەن.»
٢٢ئەو وەختی جنندارێکیان هێنا کن ئەوی کە کوێر و لاڵ بوو، و ئەوی ساغ کردەوە، وەها کە لاڵەکە قسەی کرد و دیتی.
٢٣و هەموو خەڵکی مات مان و کوتیان: «ئەرێ ئەوە کوڕی داوود نییە؟»
٢٤بەڵا وەختێکی فەریسیان بیستیان، کوتیان: «ئەو پیاوە جننان دەر ناکا مەگەر بە بەعلەزبول مەزنی جننان.»
٢٥و کە خەیاڵاتی وانی زانی، بە وانی گوت: «هەر پادشایەتێکی کە زیددی خۆی جوێ ببێ خراپ دەبێ و هەر شار یان ماڵێکی کە زیددی خۆی جوێ ببێ ڕاناوەستێ.
٢٦و ئەگەر شەیتان شەیتانی دەر بکا، زیددی خۆی جوێ بووە. دەنا پادشایەتی وی چلۆن ڕادەوەستێ؟
٢٧و ئەگەر ئەمن جننان بە بەعلەزبول دەر دەکەم کوڕانی ئەنگۆ بە کێ ئەوان دەر دەکەن؟ لەبەر ئەوەی ئەوان حوکمکەرانی ئەنگۆ دەبن.
٢٨بەڵا ئەگەر ئەمن جننان بە ڕوحی خوڵای دەر دەکەم، کە وایە پادشایەتی خوڵای لەسەر ئەنگۆ گەیشتووە.
٢٩یان چلۆن دەتوانێ کەسێک وەژوور ماڵی ساحیب قووەتێ بکەوێ و ئەسبابانی وی تاڵان بکا، مەگەر هەوەڵێ ئەو ساحیب قووەتەی ببەستێ و ئەو وەختی ماڵی وی تاڵان بکا.
٣٠ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن نییە زیددی منە و ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن خڕ ناکا بڵاو دەکا.
٣١لەبەر ئەوەیە بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر گوناح و کفرێ بە بنی ئادەمی دەبەخشرێ بەڵا کفر زیددی ڕوحولقودوس نابەخشرێ.
٣٢و هەر کەس کە قسەیەکی زیددی کوڕی ئینسانی بڵێ بە وی دەبەخشرێ، بەڵا هەر کەس کە زیددی ڕوحولقودس قسان بکا بەوی نابەخشرێ، نە دەو دنیایەدا و نە دە ئەوەی کە دێ.
٣٣یان دارەکە چاک بکەن و میوەی وی چاک، یان دارەکە خراپ بکەن و میوەی وی خراپ، چونکە دار لە میوەی دەناسرێ.
٣٤ئەی ئەولادی ماران، چلۆن دەتوانن چتانی چاک قسان بکەن کە خراپن؟ چونکە لە زیادی دڵ زار قسان دەکا.
٣٥پیاوێکی چاک لە خەزێنەی چاکی چتانی چاک دەردێنێ و پیاوێکی خراپ لە خەزێنەی خراپی چتانی خراپ دەردێنێ.
٣٦بەڵا بە ئەنگۆ دەڵێم: کە هەر قسەیەکی بەتاڵ کە خەڵکی قسان بکەن، دە ڕۆژی دیواندا دەبێ حیسابی وی بدەن.
٣٧چونکە لە قسانی خۆت سادق دەژمێردرێی و لە قسانی خۆت حوکم لەسەرت دەکرێ.»
٣٨ئەو وەختی هەندێک لە خوێندەواران و فەریسیان جوابیان بە وی دا دەیانگوت: «ئەی مامۆستا، دەمانەوێ کە نیشانەیەکی لە تۆ ببینین.»
٣٩بەڵا ئەو جوابی دا و بە وانی گوت: «سلسلەیەکی خراپ و زیناحکار نیشانەی تەڵەب دەکا و نیشانەیەک بە وی نادرێ بێجگە لە نیشانەی یونس پێغەمبەر.»
٤٠چونکە چلۆنێکی یونس سێ ڕۆژ و سێ شەو دە زگی ماسیدا بوو، هەر واش کوڕی ئینسانی سێ ڕۆژ و سێ شەو دە باوەشی ئەرزێدا دەبێ.
٤١پیاوانی نەینەوا دە دیواندا دەگەڵ ئەو سلسلەی هەڵدەستن و حوکمێ لەسەر ئەوی دەکەن، چونکە بە وەعزی یونس تۆبەیان کرد، و ئەوەتا لێرە زیاتر لە یونس هەیە.
٤٢مەلەکەی جنووبی دە دیواندا دەگەڵ ئەو سلسلەی هەڵدەستێ و حوکمێ لەسەر ئەوی دەکا، چونکە ئەو لە پەڕانی ئەرزێ هات کە عەقڵداری سلەیمان ببیێ، و ئەوەتا لێرە زیاتر لە سلەیمان هەیە.
٤٣وەختێکی ڕوحی پیس لە ئینسانێکی وەدەر کەوتەوە، دە جێیانی بێ ئاو دەگەڕێ و حەولی ڕەحەتی دەدا و پەیدا ناکا.
٤٤ئەو وەختی دەڵێ: «دەگەڕێمەوە بۆ ماڵی خۆم کە لێی وەدەر کەوتووم»، و کە دێتەوە ئەوێ بەتاڵ و ماڵدراو و جوانکراو پەیدا دەکا.
٤٥ئەو وەختی دەچێ و حەوت ڕوحانی دیکە خراپتر لە خۆی دەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و وەژوور دەکەون و لەوێ دەمێنن و ئاخیری ئەو ئینسانە لە هەوەڵێ خراپتر دەبێ. هەر واش دەبێ بۆ ئەو سلسلەی خراپ.
٤٦کە هێشتا دەگەڵ جەماعەتان قسەی دەکرد ئەوەتا دایک و برایانی وی لە دەرێ ڕاوەستابوون و دەیانەویست کە دەگەڵ ئەوی قسان بکەن.
٤٧و کەسێک بە وی گوت: «ئەوەتا دایک و برایانت لە دەرێ ڕاوەستاون و دەیانەوێ کە دەگەڵ ئەتۆ قسان بکەن.»
٤٨بەڵا ئەو جوابی دا و بە وەی کە ئەوەی پێ گوت، کوتی: «کێیە دایکی من و کێن برایانی من؟»
٤٩و دەستی بۆ لای شاگردانی خۆی درێژ کرد و کوتی: «ئەوەتا دایک و برایانی من.»
٥٠چونکە هەر کەس کە ئیرادەی بابی من کە دە ئاسماندایە بەجێ بێنێ، ئەوە برا و خوشک و دایکی من.