کتێبخانەی هیوائینجیلی موقەدەس (مەکری ١٩١٩)

ئینجیلی مەتا، بابی ٢٢

کوردیی مەکری، وەرگێڕانی فۆسوم ١٩١٩

١و یەسووع جوابی دا و دیسان بە مەسەلان دەگەڵ ئەوان قسەی کرد دەیگوت:

٢«پادشایەتی ئاسمان دەشوبهێ بە پادشایەکی کە بۆ کوڕی خۆی داوەتێکی کرد.

٣و خزمەتکارانی خۆی نارد کە بانگێشتراوان بۆ داوەتێ بانگ بکەن و ئەوان نەیانویست کە بێن.

٤دیسان خزمەتکارانی دیکەی نارد، دەیگوت: «بە بانگێشتراوان بڵێن: ئەوەتا کاوەڵتوونی خۆمم حازر کردووە، گایان و پەروارییانی من کوژراونەوە، و هەموو چت حازرە، وەرن بۆ داوەتێ.»

٥بەڵا ئەوان بێ باکییان کرد و ڕێی خۆیان گرت، یەکێک بۆ زەوی خۆی و یەکی دیکە بۆ تجارەتی خۆی چوو.

٦و ئەوانی کە مان خزمەتکارانی وییان گرت، بێ حورمەتییان کرد و کوشتیانن.

٧بەڵا پادشا ڕقی هەڵستا و لەشکەرانی خۆی نارد و ئەو قاتڵانەی هیلاک کرد و شاری وانی سووتاند.

٨ئەو وەختی بە خزمەتکارانی خۆی گوت: «داوەت حازرە، بەڵا بانگێشتراوان لایق نەبوون.

٩دەنا بچنە سەر چوارڕێیان و هەر کامێکی کە پەیدا بکەن بۆ داوەتێ بانگ بکەن.»

١٠و ئەو خزمەتکارانە وەدەر کەوتن لەسەر ڕێیان و هەمووان کە پەیدایان کرد خڕیان کرد، خراپان و چاکانیش و ماڵی داوەتێ لە میوانان پڕ بوو.

١١و کە پادشا هاتە ژوورێ بۆ دیتنی ئەوانەی کە لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوون پیاوێکی لەوێ دی کە جلی داوەتی دەبەر نەکردبوو.

١٢بە وی گوت: «ئەی دۆست، چلۆن هاتوویە ژوور ئێرە کە جلی داوەتت نییە؟» بەڵا ئەو بێدەنگ بوو.

١٣ئەو وەختی پادشا بە خزمەتکارانی گوت: «دەستان و پێیانی وی ببەستن و ئەوی باوێژنە تاریکایی دەرێ، لەوێ گریان و چڕاندنی دەدانان دەبێ.

١٤چونکە بانگێشتراوان زۆرن، بەڵا هەڵبژێراوان کەمن.»

١٥ئەو وەختی فەریسیان ڕۆیین و تەگبیریان کرد کە چلۆن ئەوی بە قسە بگرن.

١٦و شاگردانی خۆیان دەگەڵ هێرۆدیانیان ناردە کن ئەوی دەیانگوت: «ئەی مامۆستا دەزانین کە ئەتۆ ڕاستی و ڕێی خوڵای بە ڕاستی فێر دەکەی و کە دەربەندی کەس نی، چونکە تەماشای ڕووی خەڵکی ناکەی.

١٧دەنا بە مە بڵێ: چی فکر دەکەی؟ ئەرێ دروستە کە سەرانەی بە قەیسەری بدەین یان نە؟»

١٨بەڵا یەسووع خراپیی وانی زانی و کوتی: «ئەی ڕیاکاران، بۆچی ئەمن تەجرەبە دەکەن؟

١٩پوڵی سەرانەی بە من نیشان بدەن.» و ئەوان دینارێکیان هێنا کن ئەوی.

٢٠و بە وانی گوت: «ئەو شکڵ و خەتە ئی کێیە؟»

٢١کوتیان، ئی قەیسەری. ئەو وەختی بە وانی گوت: «دەنا چتی ئی قەیسەری، بە قەیسەری بدەن و چتی ئی خوڵای بە خوڵای.»

٢٢و کە ئەوەیان بیست عەجایب مان و ئەویان بەجێ هێشت و ڕۆیین.

٢٣هەر دەو ڕۆژەیدا سدوقیان هاتنە کن ئەوی، ئەوانەی کە دەڵێن کە قیامەت نییە و لێیان پرسی؛

٢٤دەیانگوت: «ئەی مامۆستا، مووسا کوتی ئەگەر کەسێک بێ ئەولاد بمرێ برای دەبێ ژنی وی بێنێ و تۆ بۆ برای خۆی هەڵبستێنێ.

٢٥لەکن ئەمە حەوت برا هەبوون و ئی هەوەڵێ ژنێکی هێنا و مرد و کە تۆی نەبوو ژنەکەی بۆ برای خۆی بەجێ هێشت.

٢٦هەر واش ئی دوویەم و ئی سێیەم هەتا ئی حەوتەم.

٢٧و ئاخیری هەمووان ژنەکەش مرد.

٢٨دەنا دە قیامەتیدا ژنی کێهە لەو حەوتانە دەبێ؟ چونکە هەموویان ئەویان ببوو.»

٢٩یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: «ئەنگۆ خۆتان هەڵدەخەڵەتێنن، نە کتێب دەزانن و نە قووەتی خوڵای.

٣٠چونکە دە قیامەتێدا نە مارە دەکەن و نە مارە دەکرێن، بەڵا وەکوو مەلایکەتانن کە دە ئاسماندان.

٣١بەڵا بەحسی قیامەتی مردووان ئەرێ نەتان خوێندووە ئەو چتەی کە بە ئەنگۆ کوتراوە لە خوڵای کە دەڵێ:

٣٢ئەمنم خوڵای ئیبراهیم و خوڵای ئیسحاق و خوڵای یەعقوب، ئەو خوڵای مردووان نییە، بەڵا ئی زیندووان.»

٣٣و کە خەڵکی ئەوەیان بیست، لە تەعلیمی وی مات بوون.

٣٤بەڵا فەریسیان وەختێکی بیستیان کە سدوقیانی بێدەنگ کردبوو پێکەوە خڕ بوونەوە.

٣٥و یەکێک لە وان کە شەرعزان بوو، هەتاکوو ئەوی تەجرەبە بکا، لێی پرسی.

٣٦«ئەی مامۆستا، دە شەریعەتدا کێهە حوکم گەورەترە؟»

٣٧و ئەو بە وی گوت: «دەبێ ڕەب خوڵای خۆت بحوببێنی بە هەموو دڵت، بە هەموو گیانت و بە هەموو فکرت.

٣٨ئەوەیە حوکمی هەوەڵ و گەورە.

٣٩و ئی دوویەم وەکوو ئەوەیە: دەبێ جیرانی خۆت خۆش بوێ وەکوو خۆت.

٤٠لەسەر ئەو دوو حوکمانە هەموو شەریعەت و پێغەمبەران هەڵداوەسن.»

٤١و کە فەریسیان خڕ بوونەوە، یەسووع لە وان پرسیاری کرد؛

٤٢دەیگوت: «ئەنگۆ چی فکر دەکەن بەحسی مەسیحێ؟ ئەو کوڕی کێیە؟» بە وییان گوت: «ئی داوود.»

٤٣بە وانی گوت: «دەنا داوود دە ڕوحدا چلۆن ئەوی بە ڕەب بانگ دەکا و دەڵێ:

٤٤ڕەب بە ڕەبی من کوتی: لە لای ڕاستی من ڕۆنیشە هەتا دوژمنانی تۆ لەبن پێیانی تۆ دابنێم.

٤٥دەنا ئەگەر داوود ئەوی بە ڕەب بانگ دەکا، چلۆن کوڕی وییە؟»

٤٦و هیچکەس نەیدەتوانی کە قسەیەکی بە وی جواب بدا، و لە ئەو ڕۆژییەوە کەسێک نەیدەوێرا ئیدی پرسیاری لێ بکا.

١٢٣٤٥٦٧٨٩١٠١١١٢١٣١٤١٥١٦١٧١٨١٩٢٠٢١٢٢٢٣٢٤٢٥٢٦٢٧٢٨
لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە ←
ئینجیلی موقەدەس بە کوردیی مەکری، وەرگێڕانی لودڤیگ فۆسوم ١٩١٩ (American Bible Society / BFBS)، بەردەستە بۆ هەمووان (Public Domain). نووسینەوەی یونیکۆد: Vejîn Books / هۆزان عەزیزی. لە کتێبخانەی هیوا.