١و بوو کە وەختێکی یەسووع هەموو ئەو قسانەی خەڵاس کردبوو، بە شاگردانی خۆی گوت:
٢«ئەنگۆ دەزانن کە لە پاش دوو ڕۆژان جێژنی فەسح دەبێ و کوڕی ئینسانی تەسلیم دەکرێ کە لە سێدارەی بدرێ.
٣ئەو وەختی کاهینانی گەورە و پیرانی قەومی خڕ بوونەوە دە حەساری کاهینی گەورەدا کە قیافا بانگ دەکرا.
٤و تەگبیریان کرد کە یەسووع بە فێڵ بگرن و بیکوژن.
٥بەڵا کوتیان: «دە جێژنیدا نە، نەبا شێواوی لەنێو قەومی ببێ.»
٦و وەختێکی یەسووع دە بەیتوعەنیا دە ماڵی شەمعوونی گولدا بوو.
٧ژنێک هاتە کن ئەوی کە شووشەیەکی ڕۆنی زۆر بە قیمەتی هەبوو، و وەختێکی لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوو بە سەری ویدا ڕشت.
٨بەڵا شاگردان وەختێکی ئەویان دی، ناقایل بوون دەیانگوت: «ئەو زایە بۆ چییە؟»
٩چونکە مومکین بوو کە ئەوە بە قیمەتێکی گران بفرۆشێ و بە فەقیران بدرێ.
١٠بەڵا یەسووع زانی و بە وانی گوت: «بۆچی ئەو ژنەی عاجز دەکەن؟ چونکە عەمەلێکی چاکی بۆ من کردووە.
١١چونکە فەقیرانوو هەمیشە دەگەڵ خۆتان هەیە بەڵا ئەمنوو هەمیشە نییە.
١٢چونکە وەختێکی ئەو ڕۆنەی لەسەر بەدەنی من ڕشت ئەمنی بۆ ناشتنێ حازر کرد.
١٣ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر جێیەکی کە ئەو ئینجیلە وەعز دەکرێ دە هەموو دنیایدا، خەبەریش دەدرێ لە ئەوەی کە ئەو کردی بۆ یادگاری وی.»
١٤ئەو وەختی یەکێک لەو دوازدانەی کە نێوی یەهوودای ئێسخەریوتیکەس بوو چوو کن کاهینانی گەورە.
١٥و کوتی: «بە من چی دەدەن و ئەمن ئەوی بە ئەنگۆ تەسلیم دەکەم؟»
١٦و ئەوان سێ دراوی زێویان بۆ وی کێشا.
١٧و لە ئەو وەختییەوە لە فورسەتێ دەگەڕا کە ئەوی تەسلیم بکا.
١٨بەڵا دە ڕۆژی هەوەڵی جێژنی فەتیرێدا شاگردان هاتنە کن یەسووع دەیانگوت: «لە کوێ دەتەوێ کە بۆ تۆ حازر بکەین کە فەسحێ بخۆی.»
١٩و شاگردان کردیان هەر وەکوو یەسووع بە وان ئەمری کردبوو و فەسحیان حازر کرد.
٢٠و کە ئێوارێ بوو دەگەڵ ئەو دوازدە شاگردانەی لەسەر سفرەی ڕۆنیشت.
٢١و کە ئەوان دەیان خوارد کوتی: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: کە یەکێک لە ئەنگۆ ئەمن تەسلیم دەکا.»
٢٢و زۆر خەمناک بوون و دەستیان پێ کرد کە هەر یەک بە وی بڵێن: «مەگەر ئەمنم ئەی ڕەب؟»
٢٣بەڵا ئەو جوابی دا و کوتی: «ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن دەست دە قاپی دەخا ئەو ئەمن تەسلیم دەکا.»
٢٤هەڵبەتە کوڕی ئینسانی دەڕوا چلۆنێکی بەحسی وی نووسراوە، بەڵا وای بۆ ئەو کەسەی کە کوڕی ئینسانی بە سەبەبی وی تەسلیم دەکرێ، بۆ ئەوە کە چاتر دەبوو ئەگەر بە وەلەد نەبووبایە.
٢٥و یەهوودا کە ئەوی تەسلیم دەکرد، جوابی دا و کوتی: «مەگەر ئەمنم ئەی ڕەب؟» بە وی گوت: «ئەتو کوتووتە.»
٢٦و کە ئەوان نانیان دەخوارد یەسووع نانی هەڵگرت و مەمبارەکی کرد، لەتی کرد و دای بە شاگردان و کوتی وەرگرن بیخۆن، ئەوە بەدەنی منە.
٢٧و پیاڵەیەکی هەڵگرت و شوکری کرد، دای بە وان دەیگوت: «هەمووتان لە وەی بخۆنەوە.»
٢٨چونکە ئەوە خوێنی منە ئی عەهدی تازە، کە بۆ زۆران دەڕێژێندرێ بۆ بەخشینی گوناحان.
٢٩بەڵا بە ئەنگۆ دەڵێم: «لەوەی پاش قەت ناخۆمەوە لە حاسڵی ئەو مێوەی هەتا ئەو ڕۆژەی کە دەگەڵ ئەنگۆ دە پادشایەتی بابی خۆمدا ئەوی تازە دەخۆمەوە.»
٣٠و کە زەبووریان خوێندبوو بۆ کێوی زەیتوونی وەدەر کەوتن.
٣١ئەو وەختی یەسووع بە وانی گوت: «دەو شەوەیدا هەمووتان لە من هەڵدەنگوترێن، چونکە نووسراوە لە شوانی دەدەم و مەڕانی مێگەلی بڵاو دەبن.
٣٢بەڵا لە پاش هەڵستانەوەی من وەپێش ئەنگۆ دەکەوم بۆ جەلیلی.»
٣٣پیترۆس جوابی دا و بە وی گوت: «ئەگەر هەموو لە تۆ هەڵبنگوترێن ئەمن قەت هەڵنانگوترێم.»
٣٤یەسووع بە وی گوت: «ڕاستی بە تۆ دەڵێم: دەو شەوەیدا، لە پێش ئەوەیدا کە کەڵەباب بخوێنێ، سێ جار لە من حاشا دەکەی.»
٣٥پیترۆس بە وی گوت: «ئەگەر بۆ من لازم بێ کە دەگەڵ ئەتۆ بمرم، قەت لە تۆ حاشا ناکەم. و هەر واش هەموو شاگردان کوتیان.»
٣٦ئەو وەختی یەسووع دەگەڵ ئەوان هاتە جێیەکی کە گێتسیمانی بانگ دەکرا، و بە شاگردانی گوت: «ڕۆنیشن لێرە هەتا بچم لەوێ و دوعا بکەم.»
٣٧و پیترۆس و ئەو دوو کوڕانەی زەبدی دەگەڵ خۆی هەڵگرت و دەستی پێ کرد بە خەمناکی و دڵتەنگی.
٣٨ئەو وەختی بە وانی گوت: «گیانی من زۆر خەمناکە هەتا مردنێ، لێرە بمێنن و دەگەڵ ئەمن بە خەبەر بن.»
٣٩و کەمێک چوو پێش و بەسەر زەویدا کەوت و دوعای دەکرد، دەیگوت: «یا بابی من، ئەگەر مومکین بێ، با ئەو پیاڵە لە من ڕاببرێ، بەڵا نە وەکوو ئەمن دەمەوێ، بەڵا وەکوو ئەتۆ دەتەوێ.»
٤٠و هاتە کن شاگردان و ئەوانی نووستوو پەیدا کرد و بە پێترۆسی گوت: «ئەرێ نەتاندەتوانی یەک سەعات دەگەڵ ئەمن بە خەبەر بن؟
٤١بە خەبەر بن و دوعا بکەن، هەتاکوو دە تەجرەبەی نەکەون. هەڵبەتە ڕوح ڕازییە، بەڵا بەدەن زەعیفە.»
٤٢دیسان جاری دوویەم چوو و دوعای کرد، دەیگوت: «یا بابی من ئەگەر مومکین نابێ کە ئەوە ڕاببرێ بێجگە لە وەی کە بیخۆمەوە، با ئیرادەی تۆ بێ.»
٤٣و هات و دیسان ئەوانی نووستوو پەیدا کرد، چونکە چاوی وان گران بوو.
٤٤و ئەوانی بەجێ هێشت و دیسان چوو و جاری سێیەم دوعای کرد و دیسان هەر ئەو قسەی دەگوت.
٤٥ئەو وەختی هاتە کن شاگردان و بە وانی گوت: «ئەوێستا بنوون و بحەسێنەوە، ئەوەتا ئەو سەعاتە نیزیکە و کوڕی ئینسانی بە دەستانی گوناحکاران تەسلیم دەکرێ.
٤٦هەڵستن با بچین، ئەوەتا ئەوەی کە ئەمن تەسلیم دەکا نیزیکە.»
٤٧و کە هێشتا ئەو قسەی دەکرد ئەوەتا یەهوودا یەکێک لەو دوازدانە هات و غەڵەبایییەکی زۆر دەگەڵ ئەوی
٤٨و تەسلیمکەری وی نیشانەیەکی بە وان دابوو دەیگوت: «ئەوەی کە ئەمن ماچی دەکەم، ئەوە هەوە، بیگرن.»
٤٩و جێبەجێ هاتە کن یەسووع و کوتی: «سەلام ئەی مامۆستا و ئەوی ماچ کرد.»
٥٠بەڵا یەسووع بە وی گوت: «ئەی دۆست، لەبەر چی هاتووی؟» ئەو وەختی هاتنە پێش و دەستانیان هاویشتە سەر یەسووع و گرتیان.
٥١و ئەوەتا یەکێک لە ئەوانەی کە دەگەڵ یەسووع بوون دەستی درێژ کرد و شیری خۆی هەڵکێشا و لە خزمەتکاری کاهینی گەورەی دا و گوێی وی بڕی.
٥٢ئەو وەختی یەسووع بە وی گوت: «شیری خۆت بگیڕەوە جێی خۆی، چونکە هەموو ئەوان کە شیر هەڵدەگرن، بە شیر هیلاک دەبن.
٥٣یان فکر دەکەی کە ناتوانم لە بابی خۆم تەڵەب بکەم و هەر ئەوێستا پتر لە دوازدە لۆجیونی مەلایکەتان بۆ من بنێرێ؟
٥٤بەڵا کتێبان چلۆن تەواو دەبن، کە دەڵێن: کە لازمە کە وەها ببێ.»
٥٥دەو سەعاتەیدا یەسووع بەو غەڵەبایییانەی گوت: «وەکوو بۆ سەر جەردەیەکی وەدەر کەوتوون بە شیران و کوتکان هەتاکوو ئەمن بگرن، هەر ڕۆژ دە هەیکەلێدا ڕۆنیشتم و تەعلیمم دەدا و ئەمنوو نەگرت.
٥٦بەڵا ئەوە هەموو بووە هەتاکوو کتێبانی پێغەمبەران تەواو ببن.» ئەو وەختی هەموو شاگردان ئەویان بەجێ هێشت و هەڵاتن.
٥٧و ئەوانەی کە یەسووعیان گرتبوو بردیانە کن قیافا، کاهینی گەورە، لە کوێ کە خوێندەواران و پیران خڕ ببوونەوە.
٥٨و پیترۆس لە دوورەوە وەدوای وی کەوت هەتا حەساری کاهینی گەورە و چوو ژوورێ و دەگەڵ خزمەتکاران ڕۆنیشت هەتاکوو ئاخیری ببینێ.
٥٩بەڵا کاهینانی گەورە و هەموو مەجلیسی کەیخودایان لە شایەدی درۆ لەسەر یەسووع دەگەڕان هەتاکوو بیکوژن.
٦٠و پەیدایان نەدەکرد، هەر چەند زۆر شایەدانی درۆزن هاتنە پێش، بەڵا دە ئاخرێدا دوو هاتنە پێش.
٦١کوتیان: ئەوە کوتوویە: «دەتوانم هەیکەلی خوڵای بڕوخێنم و بە سێ ڕۆژان دروستی بکەمەوە.»
٦٢و کاهینی گەورە هەڵستا و بە وی گوت: «ئەرێ هیچ جواب نادەی؟ ئەوانە لەسەر ئەتۆ شایەدی دەدەن؟»
٦٣بەڵا یەسووع بێدەنگ بوو و کاهینی گەورە جوابی دا و بە وی گوت: «بە خوڵای زیندوو سوێندت دەدەم کە ئەگەر ئەتۆی ئەو مەسیح کوڕی خوڵای بە مە بڵێ.»
٦٤یەسووع بە وی گوت: «ئەتۆ کوتت، بەڵا بە ئەنگۆ دەڵێم: لەوەی پاش کوڕی ئینسانی دەبینن کە لە لای ڕاستی قووەتێ ڕۆدەنیشێ و لەسەر هەورانی ئاسمان دێ.»
٦٥ئەو وەختی کاهینی گەورە جلێ خۆی دڕی دەیگوت: «کفری کرد، ئیدی چی ئیحتیاجمان بە شایەدان هەیە؟ ئەوەتا ئەوێستا کفروو بیستووە.
٦٦چی فکر دەکەن؟» و ئەوان جوابیان دا و کوتیان: «لایقی مردنێیە.»
٦٧ئەو وەختی تفیان دە ڕووی ویدا کرد و مستیان لێ دا و هێندێک زللەیان لێ دا.
٦٨دەیانگوت: «بە مە پێغەمبەریەتی بکە، ئەی مەسیح، ئەوە کێیە کە لە تۆی دا؟»
٦٩بەڵا پیترۆس لە دەرێ دە حەسارێدا ڕۆدەنیشت. و قەرواشێک هاتە کن ئەوی دەیگوت: «ئەتۆش دەگەڵ یەسووع جەلیلی بووی.»
٧٠بەڵا لە ڕووی هەمووان حاشایی کرد، دەیگوت: «نازانم چی دەڵێی.»
٧١و کە وەدەر کەوتە داڵانی یەکی دیکە ئەوی دی و بە وانی گوت کە لەوێ بوون، ئەوە دەگەڵ یەسووع ناسری بوو.
٧٢و دیسان حاشایی کرد بە سوێندێکی، ئەو پیاوەی ناناسم.
٧٣و لە پاش کەمێکی ئەوانەی کە لەوێ ڕاوەستابوون هاتنە پێش و بە پیترۆسیان گوت: «بەڕاستی ئەتۆش لە وانی چونکە قسەکردنی تۆش ئاشکرات دەکا.»
٧٤ئەو وەختی دەستی پێ کرد کە لەعنەت بکا و سوێند بخوا ئەو پیاوەی ناناسم. و جێبەجێ کەڵەباب خوێندی.
٧٥و پیترۆس ئەو قسەی یەسووعی وەبیر هاتەوە کە کوتبووی: «لە پێش ئەوەیدا کە کەڵەباب بخوێنێ، سێ جار لە من حاشا دەکەی و وەدەر کەوتە دەرێ و بە تاڵی گریا.»