١ئەو وەختی پادشایەتی ئاسمان دەشوبهێ بە دە بیکران کە چرایانی خۆیان هەڵگرت و وەدەر کەوتن کە بە پیرەوەی زاوای بچن.
٢بەڵا پێنج لە وان نەزان بوون و پێنج عاقڵ.
٣چونکە ئەو نەزانانە چرایانیان هەڵگرت بەڵا ڕۆنیان دەگەڵ خۆیان هەڵنەگرت.
٤بەڵا ئەو عاقڵانە ڕۆنیان دە قاپاندا دەگەڵ چرایانی خۆیان هەڵگرت.
٥بەڵا وەختێکی زاوا درەنگی کرد خەوی هەموویان هات و نووستن.
٦بەڵا دە نیوەشەوێدا قیژاندنێکی بوو، ئەوەتا زاوا، وەدەر بکەون کە بە پیرەوەی بچن.
٧ئەو وەختی هەموو ئەو بیکرانە هەڵستان و چرایانی خۆیان حازر کرد.
٨و نەزانان بە عاقڵانیان گوت: «لە ڕۆنی ئەنگۆ بە مە بدەن، چونکە چرایانی مە دەکوژێنەوە.»
٩بەڵا ئەو عاقڵانە جوابیان دا دەیانگوت: «نابێ، بۆ مە و بۆ ئەنگۆ قەت بەشێ ناکا، چاترە کە بچنە کن ئەوانەی کە دەفرۆشن و بۆ خۆتان بکڕن.»
١٠بەڵا وەختێکی ئەوان دەچوون کە بکڕن زاوا هات و ئەوانەی کە حازر بوون دەگەڵ ئەوی دە داوەتێدا وەژوور کەوتن و دەرکە داخرا.
١١و لە پاشان ئەو بیکرانەی دیکەش هاتن، دەیانگوت: «یا ڕەب بۆ مە بیکەوە.»
١٢بەڵا ئەو جوابی دا و کوتی: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەنگۆ ناناسم.»
١٣دەنا بە خەبەر بن چونکە ئەو ڕۆژە و ئەو سەعاتە نازانن.
١٤چونکە وەکوو پیاوێکییە کە سەفەری دەکرد و عەبدانی خۆی بانگ کرد و ماڵی خۆی بە وان ئەسپارد.
١٥بە یەکێک پێنج قەنتار، بە یەکێکی دیکە دوو و بە یەکێکی دیکە یەکی دا، بە هەر یەک وەکوو قووەتی خۆی و جێ بەجێ سەفەری کرد.
١٦ئەوەی کە پێنج قەنتاری وەرگرتبوو چوو و سوودی بە ئەوانە کرد و پێنجی دیکەی قازانج کرد.
١٧هەر واش ئەوەی کە دووی وەرگرتبوو دووی دیکەی قازانج کرد.
١٨بەڵا ئەوەی کە یەکی وەرگرتبوو چوو و ئەرزی هەڵکەند و دراوی ئاغای خۆی شاردەوە.
١٩بەڵا لە پاش وەختێکی زۆر ئاغای ئەو عەبدانە هات و دەگەڵ ئەوانی حیساب کرد.
٢٠ئەوەی کە پێنج قەنتاری وەرگرتبوو هاتە پێشێ و پێنج قەنتاری دیکەی هێنا، دەیگوت: «ئەی ئاغا پێنج قەنتارت بە من ئەسپارد، ئەوەتا پێنج قەنتاری دیکەم قازانج کردووە.»
٢١ئاغای وی بە وی گوت: «ئافەرین ئەی عەبدی چاک و ئەمین، لەسەر چتانی کەم ئەمین بووی، ئەتۆ لەسەر چتانی زۆر دادەنێم، وەژوور خۆشیی ئاغای خۆت بکەوە.»
٢٢ئەویش کە دوو قەنتاری وەرگرتبوو هاتە پێشێ و کوتی: «ئەی ئاغا دوو قەنتارت بە من ئەسپارد، ئەوەتا دوو قەنتاری دیکەم قازانج کردووە.»
٢٣ئاغای وی بە وی گوت: «ئافەرین ئەی عەبدی چاک و ئەمین، لەسەر چتانی کەم ئەمین بووی ئەتۆ لەسەر چتانی زۆر دادەنێم، وەژوور خۆشیی ئاغای خۆت بکەوە.»
٢٤و ئەویش کە یەک قەنتاری وەرگرتبوو هاتە پێشێ و کوتی: «ئەی ئاغا ئەتۆم ناسی کە پیاوێکی توندی، کە لە جێیەکی کە نەتچاندووە دەچنی و لە جێیەکی کە بڵاوت نەکردووە خڕ دەکەیەوە.
٢٥و کە ترسام چووم و قەنتاری تۆم دە ئەرزێدا شاردەوە، ئەوەتا ماڵی خۆت.»
٢٦بەڵا ئاغای وی جوابی دا و بە وی گوت: «ئەی عەبدی خراپ و تەمبەڵ، دەتزانی کە لە جێیەکی کە نەمچاندووە دەچنم و لە جێیەکی کە بڵاوم نەکردووە خڕ دەکەمەوە.
٢٧دەنا بۆ تۆ لازم بوو کە دراوی من لەکن سەڕڕافان دابنێی و ئەمن وەختێکی هاتم ئی خۆمم دەگەڵ سوتی وەرگرتبایە.
٢٨دەنا قەنتاری لە وی بستێنن و بدەن بە وەی کە دە قەنتاری هەیە.
٢٩چونکە ئەوەی کە هەیەتی بە وی دەدرێ و زیاد دەکرێ، بەڵا ئەوەی کە نییەتی ئەوەی کە هەشیەتی لێی دەستێندرێ.
٣٠و ئەو عەبدەی بێ فایدە باوێژنە تاریکایی دەرێ، لەوێ گریان و چڕاندنی دەدانان دەبێ.»
٣١بەڵا وەختێکی کوڕی ئینسانی دە جەلالی خۆیدا بێ و هەموو مەلایکەتان دەگەڵ ئەوی، ئەو وەختی لەسەر تەختی جەلالی خۆی ڕۆدەنیشێ.
٣٢و هەموو میللەتان لە حوزووری وی خڕ دەبنەوە و ئەوان لە یەکتری جوێ دەکاتەوە چلۆنێکی شوان، مەڕان لە بزنان جوێ دەکاتەوە.
٣٣و مەڕان لە لای ڕاستی خۆی دادەنێ، بەڵا بزنان لە لای چەپی.
٣٤ئەو وەختی پادشا بە وان لە لای ڕاستی خۆی دەڵێ: «وەرن ئەی مەمبارەکانی بابی من، و ئەو پادشایەتی کە بۆ ئەنگۆ حازر کراوە لە هەوەڵی دنیایێ بە میرات بگرن.
٣٥چونکە برسی بووم و خواردنوو بە من دا، تینوو بووم و خواردنەوەو بە من دا، بێگانە بووم و ئەمنوو قەبوڵ کرد.
٣٦ڕووت بووم و دەبەر ئەمنوو کرد، نەخۆش بووم و سەروو لە من دا، دە بەندیخانەیدا بووم و ئەنگۆ هاتنە کن ئەمن.»
٣٧ئەو وەختی سادقان جواب بە وی دەدەن و دەڵێن: «ئەی ڕەب کەنگێ ئەتۆمان برسی دی و خواردنمان بە تۆ دا، یان یان تینوو و خواردنەوەمان بە تۆ دا؟
٣٨و کەنگێ ئەتۆمان بێگانە دی و ئەتۆمان قەبووڵ کرد، یان ڕووت و دەبەر ئەتۆمان کرد؟
٣٩و کەنگێ ئەتۆمان نەخۆش دی، یان دە بەندیخانەیدا و هاتینە کن ئەتو؟»
٤٠و پادشا جواب دەدا و بە وان دەڵێ: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر چی کە بە یەکێک لەو برایانەی چکۆلەتری منوو کردووە، بە منوو کردووە.»
٤١ئەو وەختی بە ئەوانیش لە لای چەپی دەڵێ: «لە من دوور بن ئەی مەلعوونان، دە ئاوری ئەبەدیدا کە بۆ شەیتان و مەلایکەتانی وی حازر کراوە.
٤٢چونکە برسی بووم و خواردنوو بە من نەدا، تینوو بووم و خواردنەوەو بە من نەدا.
٤٣بێگانە بووم و ئەمنوو قەبوڵ نەکرد، ڕووت بووم و دەبەر ئەمنوو نەکرد، نەخۆش بووم و دە بەندیخانەیدا و سەروو لە من نەدا.»
٤٤ئەو وەختی ئەوانیش جواب بە وی دەدەن و دەڵێن: «ئەی ڕەب، کەنگێ ئەتۆمان برسی دی یان تینوو یان دە بەندیخانەیدا و خزمەتمان بە تۆ نەکرد؟»
٤٥ئەو وەختی جواب بە وان دەدا و دەڵێ: «ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر چی کە بە یەکێک لەو چکۆلانەو نەکردووە، بە منیشوو نەکردووە.»
٤٦و ئەوانە دەچنە عازابی ئەبەدی، بەڵا سادقان بۆ ژیانی ئەبەدی.