١چونکە پادشایەتی ئاسمان دەشوبهێ بە ساحیب ماڵێکی کە سبحەینێ زوو وەدەر کەوت کە فەعلان بۆ ڕەزی خۆی بگرێ.
٢و کە دەگەڵ فەعلان ڕۆژێ دینارێکی قەرار کردبوو، ئەوانی بۆ ڕەزی خۆی نارد.
٣نیزیکی سەعاتی سێیەم وەدەر کەوت و ئی دیکانەی دە مەیداندا بە بێ کاری ڕاوەستاو دی.
٤و بە وانی گوت: «ئەنگۆش بۆ ڕەزێ بچن و هەر چی کە حەقە بە ئەنگۆ دەدەم.» و ئەوان چوون.
٥و دیسان نیزیکی سەعاتی شەشەم و نۆیەم وەدەر کەوت و هەر وای کرد.
٦و نیزیکی سەعاتی یازدەیەم وەدەر کەوت و ئی دیکانەی بە بێ کاری ڕاوەستاو پەیدا کرد و بە وانی گوت: «بۆچی هەموو ڕۆژێ لێرە بە بێکاری ڕاوەستاون؟»
٧بە وییان گوت: «چونکە هیچکەس ئەمەی نەگرتووە.» بە وانی گوت: «ئەنگۆش بۆ ڕەزێ بچن.»
٨و کە ئێوارێ بوو ساحیبی ڕەزێ بە نازری خۆی گوت: «فەعلان بانگ بکە و حەقی بدە. دەست پێ بکە لە ئاخیران هەتا هەوەڵان.»
٩و کە ئەوان هاتن کە سەعات یازدە چووبوون هەر یەک دینارێکیان وەرگرت.
١٠و کە هەوەڵان هاتن فکریان دەکرد کە ئەوان پتر وەردەگرن، و ئەوانیش هەر یەکە دینارێکیان وەرگرت.
١١بەڵا وەختێکی ئەوەیان وەرگرت لەسەر ساحیب ماڵی بۆڵەبۆڵیان کرد.
١٢دەیانگوت: «ئەو ئاخیرانە یەک سەعات کاریان کردووە و ئەوانەی دەگەڵ ئەمە بەرامبەرت کردووە کە گرانی و گەرمی ڕۆژێمان کێشاوە.»
١٣بەڵا ئەو بە یەکێک لە وان جوابی دا و کوتی: «ئەی دۆست ناحەقی بە تۆ ناکەم. ئەرێ دەگەڵ ئەمن بە دینارێکی قەرارت نەکرد؟
١٤ئی خۆت هەڵگرە و بڕۆ. بەڵا دەمەوێ کە بەو ئاخیرەی بدەم وەکوو بە تۆ.
١٥ئەرێ بۆ من دروست نییە کە دەگەڵ ئی خۆم بکەم هەر چی کە دەمەوێ؟ یان مەگەر چاوی تۆ خراپە چونکە ئەمن چاکم؟
١٦هەر واش ئاخیران دەبنە هەوەڵ و هەوەڵان ئاخیر، چونکە بانگکراوان زۆرن بەڵا هەڵبژێراوان کەمن.»
١٧و کە یەسووع وەسەر دەکەوت بۆ ئورشەلیمی، ئەو دوازدانەی بەتەنێ هەڵگرت و دە ڕێیدا بە وانی گوت:
١٨«ئەوەتا وەسەر دەکەوین بۆ ئورشەلیمی و کوڕی ئینسانی تەسلیم بە کاهینانی گەورە و خوێندەواران دەکرێ و حوکمی لەسەر ئەوی بە مردن دەکەن.
١٩و ئەوی بە بتپەرستان تەسلیم دەکەن، هەتاکوو گەپی پێ بدەن و قامچی لێ بدەن و لە سێدارەی بدەن و دە ڕۆژی سێیەمدا هەڵدەستێندرێتەوە.»
٢٠ئەو وەختی دایکی کوڕانی زەبدی دەگەڵ کوڕانی خۆی هاتە کن ئەوی، سجدەی لێ دەکرد و چتێکی لێ تەڵەب دەکرد.
٢١و ئەو بە وی گوت: «چت دەوێ؟» بە وی گوت: «بڵێ کە ئەو دوو کوڕانەی من یەکێک لە لای ڕاستەی و یەکێک لە لای چەپی تۆ دە پادشایەتی تۆدا ڕۆبنیشن.»
٢٢بەڵا یەسووع جوابی دا و کوتی: «ئەنگۆ نازانن چی تەڵەب دەکەن. ئەرێ دەتوانن ئەو پیاڵەی بخۆنەوە کە ئەمن دەیخۆمەوە؟» و بە وییان گوت: «دەتوانین.»
٢٣بە وانی گوت: «هەڵبەتە پیاڵەی من دەخۆنەوە، بەڵا ڕۆنیشتن لە لای ڕاستەی و چەپی من، ئەوە ئی من نییە کە بیدەم، بەڵا بۆ ئەوانە کە لە بابی من بۆ وان حازر کراوە.»
٢٤و کە ئەو دەیانە بیستیان، لەسەر ئەو دوو برایانە ناقایل بوون.
٢٥بەڵا یەسووع ئەوانی بانگ کردە کن خۆی و کوتی: «ئەنگۆ دەزانن کە مەزنانی میللەتان حیکماتی لەسەر ئەوان دەکەن و گەورەکان دەستەڵاتیان لەسەر ئەوان هەیە.
٢٦ئەمما لەنێو ئەنگۆ وا نەبێ، بەڵا هەر کەس کە بیەوێ لەنێو ئەنگۆ گەورە ببێ، خزمەتکاری ئەنگۆ دەبێ.
٢٧و هەر کەس کە بیەوێ لەنێو ئەنگۆ هەوەڵ بێ عەبدی ئەنگۆ دەبێ.
٢٨چلۆنێکی کوڕی ئینسانی نەهاتووە کە خزمەت بکرێ بەڵا کە خزمەت بکا و کە گیانی خۆی بدا بۆ بەدەڵی زۆران.»
٢٩و کە ئەوان لە یەریحۆی دەچوونە دەرێ، خەڵکێکی زۆر وەدوای وی کەوتن.
٣٠و ئەوەتا دوو کوێران کە لەسەر ڕێی ڕۆنیشتبوون، وەختێکی بیستیان کە یەسووع ڕادەبرد قیژاندیان دەیانگوت: «یا ڕەب کوڕی داوود، ڕەحمێ بە مە بکە.»
٣١بەڵا خەڵکی لە وان توند بوون کە بێدەنگ بن، بەڵا ئەوان هەر پتر قیژاندیان دەیانگوت: «یا ڕەب کوڕی داوود، ڕەحمێ بە مە بکە.»
٣٢و یەسووع ڕاوەستا و ئەوانی بانگ کرد و کوتی: «چوو دەوێ کە بۆ ئەنگۆ بکەم؟» بە وییان گوت: «یا ڕەب کە چاوانی مە بکرێنەوە.»
٣٣و یەسووع ڕەحمی کرد، دەستی لە چاوانی وان دا و جێ بەجێ دیتیان و وەدوای وی کەوتن.